پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا رای گەیاند كە هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێككەوتوون لەسەر رەوانەكردنی شاندێكی هاوبەشی دانوستانكار بۆ بەغدا لە دوای پشووی جەژنی رەمەزان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقەوە.
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 12ی مانگی ئایاری رابردوو هاتە سازكردن، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و شاندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە جیا سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كۆبوونەوە.
ماجید شنگالی ئەمڕۆ چوارشەم بە "
بەغداد تودەی"ی راگەیاند، یەكێتی و پارتی لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە دوای پشووەكانی جەژنی رەمەزان شاندێكی هاوبەشیان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.
زیاتر گوتی، شاندەكە لەگەڵ هەموو لایەنەكان كۆ دەبێتەوە و باسی میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق بەرنامەی ئامادەكراو بۆ ئەو مەبەستە دەكات.
دوێنێ دوای كۆبوونەوەیان لە نەجەف، موقتەدا سەدر و هادی عامری هاوپەیمانیەتێكیان لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح، براوەی یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، دوای ئەوە گوتەبێژ بەناوی موقتەدا سەدر رای گەیاند كە دەرگەی هاوپەیمانیەتییەكە بەرووی هاوپەیمانی نەسڕ و كورد كراوەیە.
دوێنێ دادوەری جەعفەر مووسەوی گوتەبێژ بەناوی موقتەدا سەدر لەدوای راگەیاندنی هاوپەیمانیەتییەتییەكە گوتی، رێككەوتننی پێشوومان هەیە لەگەڵ هاوپەیمانی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم و هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی و ئێستەیش دەرگەكان كراوەن بۆ هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و كورد بۆ هاتنە ناو هاوپەیمانیەتییەكە.