لە هەولێر دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیل بەردەوامە

:: PM:09:10:13/06/2018 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلی بێ‌ تابلۆ و مۆڵەتی لێخوڕین بەردەوامە و تەنیا لە مانگی ڕمەزاندا دەستیان بەسەر 750 ماتۆڕسكیل گرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ڕائید فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمرۆ ژمارەیەك ماتۆڕسكیل دەستی بەسەردا گیرا و بەوەیش ژمارەی ماتۆڕسكیلە دەستبەسەرداگیراوەكان 750ی تێپەڕاند.

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ دەڵێت، ئێمە دیسان داوا لە هاووڵاتییان دەكەین كە خۆیان بەدوور بگرن لە كڕین و لێخوڕینی هەر ماتۆڕسكیلێك كە نایاسایی بێت و تابلۆ و مەنفێستی نەبێت، هەروەها بەبێ مۆڵەت و بەكارهینانی پێداویستییەكانی لێخورینی سەلامەتی ماتۆڕسكیل لێ نەخوڕن.

لە هەڵمەتێكی تری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە سەرەتایی مانگی ڕەمەزاندا 400 ماتۆڕسكیل دەستی بەسەردا گیراوە و ئەمڕۆ بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای كرد كە ئەو ماتۆڕسكیلانەی گیراون سەرجەمیان لەناو دەبرێن.
 
هەفتەنامەی "وشە" لە ڕاپۆرتێكی لە ژمارە 239ـی باسی لە شێوازی هاتنی ماتۆڕسكیل و جۆرەكانی كردووە بۆ هەرێمی كوردستان كە هیچ چاودێرییەكی ئەوتۆی لەسەر نییە و هەموو بازرگانێك ئازادە لە هێنانی بەچەند مەرجێكی سەرەتای.




وشە - رامیار جەواد