نووسینگەی سەدر: بەر لە جەژن گەورەترین بارستەی پەرلەمان رادەگەیەنین

:: PM:09:21:13/06/2018 ‌

بەرپرسی نووسینگەی موقتەدا سەدر پێشبینی دەكات كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی پێوەندی بە هاوپەیمانیەتی نێوان سائیروون و فەتح بكات و دووپاتی كردەوە كە ئەگەری زۆرە بەر لە جەژنی رەمەزان شێوەی سەرەتایی بارستەی گەورە بۆ پێكهێنانی حكوومەت رابگەیەنن.

زیا ئەسەدی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی رای گەیاند كە پێشبینی زۆر هەیە بەر لە جەژنی رەمەزان شێوەی سەرەتایی هاوپەیمانی خاوەن گەورەترین بارستەی پەرلەمان و پێكهێنەری حكوومەتی نوێ بێتە راگەیاندن و رەنگە هاوپەیمانی نەسڕی حەیدەر عەبادی تیادا نەبێت، لەو كاتەی پێشبینی دەكەین كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی بێتە پاڵ سائیروون و فەتح. 

زیاتر گوتی، لە دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دوێنێی سەدر و عامری لە نەجەف پێشبینی شێوەیەكی نوێی هاوپەیمانی خەریكە دیار دەكەوێت، بۆیە وای دەبینم كە ئەو پرسە بەگشتی لەسەر ئەو پرنسپانەوە وەستاوە كە موقتەدا سەدر و سەرانی هاوپەیمانی سائیروون رایان گەیاندووە و گوتیان لەگەڵ بارستەكانی تر رێك دەكەوین كە لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەوە كۆك بن.  

ئەسەدی دووپاتی كردەوە كە پێشبینی دەكرێت بەر لە جەژن هاوپەیمانیەتی خاوەن گەورەترین بارستەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بێتە راگەیاندن و رەنگە هاوپەیمانی نەسڕی تیادا نەبێت، بەڵام پێشبینیش دەكەین دوای پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتییە گەورە نەسر و دەوڵەتی یاسا ئەوانیش پێوەندی پێوە بكەن.

دوێنێ سێشەم دوای كۆبوونەوەیان لە نەجەف، موقتەدا سەدر و هادی عامری هاوپەیمانیەتێكیان لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح، براوەی یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، دوای ئەوە گوتەبێژ بەناوی موقتەدا سەدر رای گەیاند كە دەرگەی هاوپەیمانیەتییەكە بەرووی هاوپەیمانی نەسڕ و كورد كراوەیە.

سەرچاوە/ بەغداد تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل