تەقینەوەیەك كەركووكی هەژاند

:: PM:10:25:13/06/2018 ‌
كەمێك پێش ئێستا تەقینەوەیەك لە گەڕەكی شۆراو لە باكوری شاری كەركووك ڕووی دا و تاوەكو ئێستا زیانەكان نەزاندراون، بەڵام دەنگی تەقەیەكی زۆر دەبیسترێت، بەرپرسێكی هێزەكانی دژە تیرۆریش دەڵێت ژووری لێكۆڵینەوە زیانی بەركەوتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13تی حوزەیران/ یۆنیۆ، بەگوێرەی زانیارییەكان تەقینەوەكە گوللە هاوەنێك بووە و ئاراستەی بارەگایەكی كۆنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە و بەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری هەمەڕی دژە تیرۆری عێراق كەوتووە لەسەر ڕێگای كەركووك هەولێر كە ئێستا هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقی تێدایە.

لەدوای تەقینەوەكەوە دەنگی تەقەیەكی زۆر بیستراوە و ڕێگای هەولێر كەركووكیش لەنزیك بارەگاكە داخراوە و ئێستا لە شاری كەركووك دەنگی تەقەیەكی زۆر دەبیسترێت، تەقینەوەكەش لە سەعات نۆ و یەك دەقەی ئەمشەو بووە.

نەقیب سوفیان، بەرپرسی باشووری هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقی لە كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمە یەكەمجار نییە ئەو هێرشانە دەكرێتە سەر دژە تیرۆر، بەڵام ئەمجارە هێرشەكە گەورە بووە و چەكداران ژمارەیان لە 10 كەس زیاتر بووە، لەبارەی زیانەكانیش دوو كەس بریندارن و ژووری لێكۆڵینەوەی دژە تیرۆر زیانی زۆری پێ گەیشتووە.

شاری كەركووك لەدوای خیانەتی باڵێكی سەربازی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە 16ـی ئۆكۆتبەری ساڵ ڕابردوو ئارامی بەخۆییەوە نەدیووە و بەردەوام تەقیەوەی جۆراوجۆری تیادا ڕووی داوە.



وشە - رامیار جەواد