هەولێر.. نەخۆشانی تالاسیمیا تووشی كێشە دەبنەوە و داوای هاوكاری دەكەن

:: PM:10:39:13/06/2018 ‌
تووشبووانی نەخۆشی تالاسیمیای لە هەولێر دەڵێن بارودۆخیان خراپە و خوێنی فلتەركراو نەبووە لە جەستەیان بكرێت، بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێریش دووپاتی دەكاتەوە پێدانی خوێن بۆ نەخۆشانی تاڵاسیمیا پێویستە بە فلتەردا بڕوات، بەڵام چەند ڕۆژێكە كێشەی تێ كەوتووە و نەخۆشان تووشی كێشە هاتوونەتەوە.

ئەمرۆ چوارشەم 13ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ژین تەڵعەت كە توشبوویەكی نەخۆشی تالاسیمیایە لە شاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە نەخۆشانی تالاسیمیا لە هەولێر دوای ئەوەی چوونە خوێن وەربگرن، بەهۆی ئەوەی خوێنی بەشێكی زۆریان فلتەر نەكراوە و بەبیانووی ئەوەی نەبووە، بۆیە چەندان نەخۆشی تالاسیمیا دۆخیان تێكچووە.

ئەو تووشبوەی تالاسیمیا دەڵێت، و بەشیك لەوان تەنانەت خوێنەكەیشی تێ‌ نەكردووە و لەوێ‌ كەسوكاریان و ئەو منداڵە نەخۆشانەی بەو هیوایە هاتبوون كە بۆ جەژن وەك منداڵان دڵیان خۆش بێت، كەچی بەداخەوە بەدڵ ساردی گەراونەتەوە.

تەڵعەت ئاشكرای دەكات داواكارن لەلایەنی پێوەندیدار بەپەلە بەدەم كێشەكەمانەوە بێت و خێرخواز و بەرپرسان كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن و ئەو خوێنەی پێویستە بۆمان دابین بكەن.

لای خۆیەوە سروە جەباری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێدانی خوێن بەنەخۆشانی تالاسیمیا پێویستە بە فلتەردا بڕوات، بەڵام چەند ڕۆژێكە كێشەمان هەیە كە بریتییە لە پێدانی خوێن بە تووشبووانی تالاسیمیا بەبێ‌ فلتەر، ئەمەیش وا دەكات نەخۆش تووشی كێشە بێت.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر دەڵێت، نەخۆش بەبێ‌ فلتەر خوێنی پێ بدرێت تووشی كێشەی هەناسەدان و لەرز دەبێتەوە لەگەڵ چەندین كێشەی تر.

تووشبوانی تالاسیمیا بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاسن لە جەستەیان مانگانە پێویستیان بە وەرگرتنی خوێن هەیە و بەنەبوونی خوێنیش باری تەندروستیان تێك دەچێت.



وشە - رامیار جەواد