رێكخراوی نەهێشتنی چەكی كیمیایی: لە سووریا چەكی كیمیای بەكار هاتووە

:: PM:10:45:13/06/2018 ‌

رێكخراوی نەهێشتنی چەكی كیمیایی دووپاتی كردەوە كە لە 24 و 25ی ئازاری 2017 چەكی كیمیایی كە بریتییە لەگازەكانی سارین و كلۆر لە سووریا بەكار هاتووە.

رێكخراوەكە لەو بارەوە ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە نێردەی ئاشكراكردنی راستییەكان لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سووریا لە دوا راپۆرتی خۆی دووپاتی كردووەتەوە كە ئەگەرێكی گەورە هەیە كە گازی سارین وەك چەكێكی كیمیایی لە باشووری شاری لەتامنە لە 24ی ئازاری 2017 بەكار هاتبێت. 

زیاتر گوتی، نێردەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی دووپاتی دەكەنەوە كە هەروەها گازی كلۆر وەك چەكی كیمیایی  لە بۆردومانكردنی نەخۆشخانەی ئەو شارە و دەوروبەری لە 25ی ئازاری 2017 بەكار هاتووە.

ئەنجامی لێكۆڵینەوەی نێردەكە پشتی بە قسەی شایەتەكان و شیكردنەوەی تاقیگەیی سامپڵەكانی وەرگیراو لەو شوێنانە بەستووە، هاوكات رێكخراوەكە دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامەكانی بۆ دەستكەوتنی بەڵگە و دەركەوتنی ئەنجامی شیكردنەوەكان گەڕاندەوە.

رێكخراوی نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی ئەو راپۆرتەی خۆی رادەستی وڵاتانی واژووكار لەسەر رێككەوتننامەی نەهێشتنی چەكی ئەتۆمی و ئەنجوومەنی ئاسایشی ناودەوڵەتی كردووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل