پێنجوێن.. وەستانی پڕۆژەكان زیانی زیاتر بە پڕۆژە نیوە تەواوكراوەكان گەیاندووە

:: PM:10:59:13/06/2018 ‌

بەهۆی تەنگژەی دارایی و خەرج نەكردنی پارە بۆ ئەو پڕۆژانەی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بڕیاری جێبەجێكردنیان لە سنووری شارەوانی شارۆكەی پێنجوێن درابوون، ئێستا تەنیا 50%ی بەشێك لە پڕۆژە گرنگەكانی بواری رێگاوبان تەواو كراوە و تەواو نەبوونی پڕۆژەكانیش زیانی زۆری بەخودی ئەو پڕۆژانەی كە نیوەیان تەواوبووە گەیاندووە.

رەئووف رەشید، سەرۆكی شارەوانی پێنجوێن لە لێدوانێك بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی تەنگژەی دارایی و تەرخان نەكردنی بودجە و پارەی پێویست، لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا، دەبوایە بەشێكی زۆری پڕۆژەكان كە زۆربەیان پێوەندیان بە رێگاوبانەكانەوە هەیە، تەواو بكرانایە.

زیاتر گوتی، پێشتر لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە لەسەر بودجەی پتڕۆدۆلار زیاتر لە 12 ملیار دینار بۆ سنوورەكەمان تەرخان كرابوو، بەڵام لەماوەی ساڵانی رابردوودا تا ئێستایش بەشێك لە پڕۆژەكان تەنیا 50%یان تەواوبووە و بەهۆی خەرج نەكردنی پارەشەوە، كۆمپانیاكان كارەكانیان راگرتووە و جێیان هێشتووە، بۆیە بەو هۆیەوە زیانێكی گەورە بەر كۆمپانیا و پڕۆژەكان و شارۆكەكەشمان كەوتووە.

سەرۆكی شارەوانی پێنجوێن، ئاماژەی كرد، بەهۆی ئەوەی زستان و بەهاری ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر باران لەپێنجوێن باریوە، ئەو پڕۆژانە كە نیوەیان تەواوكرابوون، بەڵام بەهۆی نەدانی پارەوە كۆمپانیاكان جێیان هێشتبوون، ئەوەش وای كرد زیانێكی زۆر بە پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆكانی ناو پێنجوێن بكەوێت، هەروەها باران زیانی بە بەشێك لە پڕۆژەی رێگاوبان و شۆستەكانیش گەیاندووە و بەشێك لە گەڕەكەكانی ناو پێنجوێنیش دانیشتوانەكەیان نەهامەتییەكی زۆریان چەشتووە.

رەشید ئاماژەی كرد، بەهۆی جێبەجێ نەكردنی پڕۆژەكانەوە، زۆربەی ئەو شوێنانەی كە قیر و شۆستەكانمان كردوون، بەڵام تەواو نەكراون، زیان بە ئاو ئاوەڕۆیان گەیشتووە و بەوەش هاووڵاتی بێزار بووە و خۆیان هەوڵیان داوە ئاوەڕۆكانیان چارەسەر بكەن و ئێمەش بە ئامێرەكانمان تەنیا هاوكاریمان كردوون.

شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 98 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 50 هەزار كەس دەبێت و لە هەردوو شارەدێی گەرمك و ناڵپارێز و سەنتەری شارۆكەكە و زیاتر لە200 گوند پێك دێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل