دژەتیرۆری عێراق لە كەركووك هەڵدەكوتنە سەر دەزگای زانیاری یەكێتی

:: AM:07:57:14/06/2018 ‌
هێزەكانی عێراق لە كەركووك پشتیان لەو رێككەوتنە كردووە كە لەگەڵ گرووپی خیانتەكارانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجامیان داوە و لە رۆژانی رابردوو دەستیان بەسەر بارەگایەكی دەزگای زانیاری یەكێتیدا گرتووە و پاسەوانەكانیان قۆڵبەست كردووە. لای خۆیانەوە بەرپرسانی كورد لە شارەكە نیگەرانن و دۆخی كەركووك بە "مەترسیدار" ناو دەبەن. 

سەرچاوەیەكی تایبەت لە دژەتیرۆری عێراق، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی 29 ئایاری رابردوو هێزێكی هەواڵگری عێراق هەڵكیانكوتاوەتە سەر بارەگای بەشی ئۆپراسیۆنەكانی سەنتەری دووی "دەزگای زانیاری یەكێتی" لە كەركووك، كە دەكەوێتە سەر ڕێگای كەركووك – سلێمانی، سەرەڕای ئەوەی بارەگاكە چۆڵ بووە و تەنیا چەند پاسەوانێكی هەبووە، بەڵام دوای پشكنین, هێزە عێراقییەكە پاسەوانەكان قۆڵبەست دەكەن.

بەگوتەی سەرچاوەكە، "هێزەكەی هەواڵگری لە پشكنینەكەدا چەند پارچە چەكێك و زیندانی تاكەكەسیان لەناو بارەگاكە بینیوە و وێنەیان گرتووە، بۆیە پاسەوانەكانیان قۆڵبەست كرد".

بەڵام ددان بەوەیشدا دەنێت كە "دواتر (ك ، س) بەرپرسی سەنتەری دووی دەزگای زانیاری، لاهوور جەنگی ئاگادار كردووەتەوە كە بارەگاكە و پاسەوانەكانیش گیراون, بۆیە لە ئاستی باڵا یەكێتی كەوتە پێوەندی بە هەواڵگری و دژە تیرۆری عێراق و بابەتەكەیان چارەسەر كرد، بۆیە پاسەوانەكانمان ئازاد كرد". 

ئەم رووداوە قۆناغێكی تازەیە لە بەگژداچوونەوەی گرووپی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بە ڕێككەوتن كەركووكیان پێشكەش بە حەشدی شەعبی و بەغدا كرد.

جوان حوسێن سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی پاریزگای كەركووك، لەبارەی دۆخی شارەكەوە ئەوە دەخاتە ڕوو كە كەركووك لە مەترسیدایە. وەك بەڵگە بۆ قسەكانیشی بۆ "وشە" دەڵێ "كاتێك حەویجە ڕزگار كرا، هیچ داعشێكمان نەبینی بگیرێ یان بكوژرێ، بەڵكو سەرجەمیان بە ناوچەكانی كەركووكدا بڵاوەیان كرد". 

بەگوتەی جوان حوسێن "ئەوانە هۆكارن تا جموجووڵی داعش لە كەركووك بەردەوام بێ، ئاڵۆزی بەردەوامی لایەنەكان و دەسەڵاتی سەربازی و بەردەوامی ئەو سیاسەتە، ئەگەر چارەسەر نەكرێن، دۆخی كەركووك بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوا".

"پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت بەلێشاو پرۆسەی بە عەرەبكردنی لە كەركووك دەست پێ كردووە و نووسراو بۆ عەرەبی هاوردە دەكرێ و فۆرمی خۆراكیان بۆ دەردەكرێ و دەگوازرێنەوە بۆ كەركووك" ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك وای گوت.

لەبارەی مامەڵەی حەشدی شەعبی و سوپا لەگەڵ كوردانی كەركووك و هۆی دەستكردنەوە بە تەعریب، جوان ئاماژە بەوە دەكات كە "دەبێ ئەو پرسیارە لە گرووپی 16ی ئۆكتۆبەر بكەین و بزانین چۆن ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ كردوون و بۆچی كەركووكیان بەدەستەوە دان، تا بێن زوڵم لە كورد بكەن".

16ی ئۆكتۆبەر لە كاتێكدا بوو كورد لە لوتكەی بەهێزیدا داوای خواستی سەربەخۆیی خستە ڕوو, بەڵام لەو خیانەتەدا كە بافڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی ئەندازیاری بوون, كوردستان دووچاری شكستێكی گەورە كرا و هێشتا شوێنەوارەكانی لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە, هەر ماوە.

د.محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەسەڵاتێكی عەسكەری بەسەر كەركووكدا سەپێنراوە و دژایەتی توندی كورد دەكرێ و ڕێیان لێ دەگیرێ و هەڵدەكوتنە سەریان، ڕۆژانە بەرنامەی لادانی بەرپرسانی كورد لەلایەن ڕاكان سەعید پارێزگاری داسەپێنراوی كەركووك جێبەجێ دەكرێ و فەرمانگەكان بە عەرەب دەكرێن.

خورشید هاوشێوەی جوان حوسێن، ددان بەوەدا دەنێت كە جموجووڵی داعش لە ناوچەكانی كەركووك یەكجار زۆر بووە و لە هەر 24 سەعاتێك پێنج چالاكی تیرۆریستیان هەیە.

بەرپرسەكەی پارتی لەبارەی رۆڵی هێزەكانی عێراق لە بەرانبەر جووڵەی تیرۆرستان، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو هێزانە نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن. دووپاتیشی دەكاتەوە "ئەمانە كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر خەڵكی كورد لە كەركووك هەیە و ترس و دڵەڕاوكێی دروست كردووە و چارەنووسی شارەكە دیار نییە".

هاوكات ئومێدی خواست "ئەو لاسەنگییەی بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە كەركووك ڕووی دا، چاك بكرێتەوە، كاتێك كوردستانیان بە یەكڕیزی دەچنەوە بەغدا".

بەگوتەی محەمەد خورشید "كەركووك تەنیا ڕادەستی حەشدی شەعبی نەكرا، بەڵكو هەرزانفرۆش كرا، چونكە لایەنی داگیركار دەڵێ بە پارە كڕیومە، كەسێك شتێك بفرۆشێ هیچی بە خەیاڵدا نایەت و ئەو خیانەتكارانەیش كەركووكیان زۆر هەرزانفرۆش كرد، ئەوان دوای خیانەتەكەیش هیچ دەسەڵاتێكیان لە كەركووك نییە و ناتوانن هیچ بكەن".

لەلایەكی ترەوە سەرەتای ئەم مانگە دادوەرێكی كورد لە كەركووك كە برایەكی ئەفسەری یەكێتییە، لەژێر گوشاری گرووپی 16ی ئۆكتۆبەردا فەرمانی گرتنی بۆ هەریەك لە نەجمەدین كەریم پارێزگار و رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەركرد، بەڵام بڕیارەكە كاردانەوەی توندی بارزانی و زۆرینەی كوردەوە لێكەوتەوە.

"وشە" هەوڵی دا لێدوانی رێبوار تاڵەبانی لەبارەی دواین پێشهاتەكانی ئەو دۆسییە بگوازێتەوە، بەڵام ژمارەكانی داخراون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د