پاریس سان جێرمان لە سزاكان قوتاری بوو

:: AM:08:55:14/06/2018 ‌

یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە سەپاندنی سزاكانی سەری لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە سەبارەت بە یاریی دارایی خاوێن قوتاری بوو بەهۆی ئەوەی لە هاوینی رابردوودا پارەیەكی زۆری لە گرێبەستی یاریزاناندا خەرج كردبوو.

بڕیارەكە شەوی رابردوو لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا دەرچوو و تێیدا بەپێچەوانەی پێشبینییەكان یانەی پاریس سان جێرمان هیچ سزایەكی بەسەر نەسەپێنرا.

یانەكە لە هاوینی 2017 دوو هەرە گرێبەستە گەورەكانی لە مێژووی تۆپی پێدا ئەنجام دا، گرێبەستی یەكەمیان لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی كە بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هێنایە یانەكەیەوە، گرێبەستی دووەمیش كیلیام مباپێی هێرشبەری لاوی یانەی مۆناكۆی فڕەنسی بوو كە سەرەتا بەشێوەی خواستن هێنایە ریزی یانەكەیەوە و بەهای گرێبەستەكەشی 180 ملیۆن یۆرۆ بوو.

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا لێكۆڵینەوەی لەم دوو گرێبەستەدا كردبوو بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە یانەی پاریس سان جێرمان یاساكانی سەبارەت بە یاری خاوێنی دارایی پێشێل نەكردووە، شەوی رابردووش بڕیاری كۆتایی لێكۆڵینەوەكەی راگەیاند و جەختی كردەوە كە یانەكە لە گرێبەستەكانی ساڵانی 2015، 2016 و 2017 هیچ سەرپێچییەكی نەكردووە.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م