جولین لۆپیتیگی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا بەلایەنی كەم گرێبەست لەگەڵ 5 یاریزانی نوێ ئیمزا بكەن.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان پێشبینی دەكرێ بە هاتنی لۆپیتیگی لە وەرزی داهاتوو گۆڕانكارییەكی گەورە لە ریزی یانەی ریال مەدرید بكرێ.
چەند رۆژێك پێش ئێستا یانەی ریال مەدرید بەفەرمی لۆپیتیگی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیای بۆ شوێنگرەوەی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی بۆ ماوەی 3 ساڵ هەڵبژارد.
بێگومان داواكاری سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو لە لۆپیتیگی بەدەستهێنانی ناسناوەكانی ناوخۆی ئیسپانیا و ئەوروپا دەبێت لەگەڵ پێشكەشكردنی باشترین ئاست لەگەڵ ئەو ئەستێرانەی كە ئێستا هەیانە.
لەلایەكی تریشەوە راهێنەرە تەمەن 51 ساڵییەكە سەرەڕای بوونی چەندان ئەستێرە ئاواتەخوازە بۆ وەرزی داهاتوو بتوانێ چەند ئەستێرەیەكی تریش بهێنێتە ریزی تیپەكەیەوە.
ماڵپەڕی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: لۆپیتیگی داوای لە كارگێڕی یانەی ریال مەدرید كردووە بۆ وەرزی داهاتوو بەلایەنی كەم گرێبەست لەگەڵ 5 یاریزانی نوێ بكەن.
ئەو 5 یاریزانەی كە راهێنەرە نوێیەكەی یانەی ریال مەدرید داوای كردووە برێتین لە: داڤید دی خیای گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی كە پێشبینی دەكرێ نرخەكەی تا 100 ملیۆن یۆرۆ بڕوات، ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا بەرگریكاری لای راستی یانەی ریال سۆسیدادە كە نرخەكەی 40 ملیۆن یۆرۆیە، خۆسێ ماریا خیمینێزی بەرگریكاری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی 60 ملیۆن یۆرۆیە، تیاگۆ ئەلكانتارای یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی كە نرخەكەی سەرووی 50 ملیۆن یۆرۆیە.
لە ئەگەری سەركەوتوونەبوونی یانەی ریال مەدرید لە گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لەم هاوینەدا، راهێنەرە نوێیەكەی یانەی شاهانە داوای گرێبەستكردن لەگەڵ رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری پۆڵەندی و یانەی بایرن میونشن دەكات كە پێشتر چەند جارێك ئاماژەی بەوەدابوو ئارەزوو دەكات بە درێسی یانەی شاهانە یاری بكات.