ئەمڕۆ ئاهەنگی مۆندیال چۆن دەبێت؟

:: AM:10:20:14/06/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی نادەوڵەتی (فیفا) چەند رۆێك پێش ئێستا زانیاری لەسەر رۆژی یەكەم و ئاهەنگی كردنەوەی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا ئاشكرا كرد كە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم یەكەم یاریی لە سەعات 6ی ئێوارە بەڕێوە بچێت.

فیفا رایگەیاند: نیو سەعات بەر لە دەستپێكردنی یەكەم یاریی جامی مۆندیال لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی رووسیا و سعوودیە، واتە سەعات 5:30ی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم بەكاتی كوردستان ئاهەنگی دەستپێكی مۆندیال بەڕێوە دەچێت

یەكەتییەكە هەروەها رایگەیاند: ئاهەنگی كردنەوەی یارییەكانی مۆندیال بەشێوەیەكی سادە دەبێت و تەنیا نیو سەعات دەخایەنێ، سەرەتا مۆزیكژەنی جیهانی رۆبی ویلیامز بەچەند پارچەیەك میوزیكی ناوازە دەست پێ دەكات و ئایدا جاریڤۆلینا كچە گۆرانیبێژی لاوی رووسیش بە گۆرانی ئاهەنگەكە بەجۆش و خرۆشتر دەكات، ئینجا لەنێو یاریگە ئۆڵەمپی لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا دەست بە مەڕاسیمی نمایشكردنی دیمەنەكان دەكرێ.

هەر لە كاتی ئەنجامدانی ئاهەنگەكەشدا رۆناڵدۆی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیل جامی مۆندیال دەهێنێتە نێو یاریگە و پێشكەشی ملیۆنان هەوادارای تۆپی پێی لەسەرتاسەری جیهان دەكات.

بە گشتی ئاهەنگی كردنەوەی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا تەنیا نیو سەعات دەخایەنێ و دوای تەواوبوونی مەراسیمەكان راستەوخۆ فیكەی دەستپێكردنی ركابەرییەكانی پاڵەوانیەتییەكە و یەكەم یاریی لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی رووسیای مێواندار و سعوودیەی عەرەبی لێ دەدرێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م