لەگەڵ هەڵكشانی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە كوردستاندا، ژمارەی رێكخراوەكانی بواری ژنان بەرز بوونەتەوە، ئێستە لە هەرێمی كوردستاندا دەیان رێكخراوی تایبەت بە ژنان لەپاڵ سەتان رێكخراوی تر كە لە دۆسیەی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی كار دەكەن، ئامادەیییان هەیە، بەڵام هەڵكشانی رێژەی توندوتیژی، كار و چالاكی رێكخراوەكانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
حەیات مەجید بڕیاردەری لیژنەی داكۆكی لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان بەتوندی رەخنە لە رێكخراوەكانی بواری ژنان دەگرێت، ئەو پێی وایە، وێڕای كاركردنی بەشێكیان كە "رۆڵ و كاریگەری باشیان هەبووە"، ئەوانی تر تەنیا لەكاتی هەبوونی پارەدا خەریكی بازرگانی بوون.
ئەو بە "وشە" دەڵێ، "لەوكاتەی پارە هەڵڕژابوو، هەر كەسێك لە شوێنی خۆیەوە رێكخراوێكی لە بواری ژنان دادەمەزراند و سەرقاڵی بازرگانی بوون، بەڵام ئێستە كە پارە نەماوە، ئەوانیش دیار نین، ناكرێت رێكخراوەكان پاساوی نەبوونی پارە بێننەوە، هەموو كارێك پارەی پێویست نییە".
لە هەرێمی كوردستاندا سەرووی 100 رێكخراوی تایبەت بە ژنان، لەپاڵ سەتان رێكخراوی تر كە خاوەندارێتی لە پرۆگرامەكانی مافی مرۆڤ و هزری ناتوندوتیژی دەكەن، ئامادەیییان هەیە، هەرچەند هەڵكشانێك لەرووی چەندایەتییەوە پێوەست بە رێكخراوەكانی ژنان هەیە، بەڵام لەرووی چۆنایەتییەوە لاوازییەك لە كاركردندا بەدی دەكرێت.
د. ئیسماعیل مستەفا پسپۆڕی بواری ئابووری، لاوازیی رۆڵی رێكخراوەكانی ژنان بۆ تەنگژەی ئابووری لە كوردستاندا دەگێڕێتەوە.
ئەو بە "وشە" دەڵێ، "هەموو چالاكییەك تێچووی هەیە، ئەو رێكخراوانەی لە دۆسیەی مافەكانی ژنان كار دەكەن، ئەگەر پارەیەكیان بۆ بژێوی خۆیان نەبێت، چۆن دەتوانن چالاكییەك ئەنجام بدەن و بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی ئەوانی تر بكەن".
پسپۆڕە ئابوورییەكە دان بەوەشدا دەنێت، "بەشێكیش لە رێكخراوەكان ئامانجیان ئەوە نەبووە، بەدواداچوون بۆ كێشەی ئافرەتان بكەن، ئامانجیان پەیداكردنی سەرمایەیە، بۆیە كاتێك سەرچاوەی دارایی كەم دەبێتەوە ئەو رێكخراوانە چالاكیان لاواز دەبێت".
تێبینییەكان لەسەر رۆڵی لاوازی رێكخراوەكانی ژنان، بەشێكیشی بۆ قەبارەی گەورەی توندوتیژییەكان بەرامبەر بە ژنان دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەك كە ئاسان نییە بتوانرێت بەزوویی كاریگەریی دابنرێت.
ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە كوردستان بە پێچەوانەوە پێی وایە، رێكخراوەكانی بواری ژنان كاری گەورەیان كردووە.
ئەو بە "وشە" دەڵێ، "بوونی توندوتیژی بە شێوەیەكی بەردەوام، رۆڵی رێكخراوەكانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، ناحەقییەكی گەورە بەرامبەر بە خەبات و ماندووبوونی رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان لە باشووری كوردستان دەكرێت، بە پێچەوانەوە رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان لەرووی دەركردنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی حاڵەتە نەخوازراوەكان رۆڵی باشیان گێڕاوە".
سەرەتای دەركەوتنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە كوردستاندا بۆ حزبە سیاسییەكانی دەگەڕێتەوە، ئەوەش وای كردووە پاشكۆییەكی سیاسی لەمەڕ بەشێك لە رێكخراوەكان دروست ببێت، ئەوە جگەلەوەی كە هەریەك لە حزبەكان، یەكێتی و كۆمەڵە و رێكخراوی ژنانیان هەیە.
سەعد حەمەدەمین دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی كۆمەڵناسانی كوردستان بۆ "وشە" دەڵێ، "ڕێكخراوەكانی ئافرەتان وەك پێویست رۆڵیان نییە و لاوازن لە ئاست ئەو هەڕەشە و تەوژمە توندوتیژییەی لە ئارادایە، هۆكاری ئەوەش بۆ پاشكۆیەتی رێكخراوەكان بۆ حزبە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە".