قاسم سولەیمانی گوشار دەخاتە سەر سەدر بۆ زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی شیعە

:: AM:09:33:15/06/2018 ‌



ئێران هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی لە رێی دانوستاندنەكانی بۆ زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی شیعەكان، بۆ ئەمەش گوشارەكانی بۆ سەر موقتەدا سەدر زیادی كردووە بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هادی عامری.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە راپۆرتێكیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی چەند رۆژ پێش ئێستەی ناو باڵوێزخانەی ئێران لە بەغدا ئاشكرا كردووە كە قاسم سولەیمانی سەركردەی فەیلەقی قودس و موجتەبی نەوەی خامەنەیی رێبەری باڵای ئێران لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق، كە ئێران لە رێی هادی عامری گوشاری خستووەتەسەر موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون بۆ زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی شیعەكان.

پێوەند بەو پرسە چەند بەرپرسێكی سیاسی عێراقی كە قسەیان بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئاشكرای دەكەن كە سەدر رەزامەندی سەرەتایی دەربڕیوە، بەڵام مەرجی هەبووە كە نابێت نووری مالیكی بێتە ناو هاوپەیمانیەتی نێوان سائیروون و فەتح، جگە لەمەش مەرجی ئەوەشی هەبووە كە دەبێت هاوپەیمانی حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەماڕ حەكیم و ئیرادە بە سەرۆكایەتی حەنان فەتلاوی و كەفائات بە سەرۆكایەتی هەیسەم جبووری بەشێك بن لە هاوپەیمانیەتییەكە.

سەركردەیەكی باڵای هاوپەیمانی فەتح ئاشكرای كردووە كە هەوڵەكان بۆ هێنانە ناوەوەی مالیكی بۆ هاوپەیمانیەتییەكە بەردەوامە و قۆناغی زۆری بڕیوە. گوتی "بۆ ئەمە گفتوگۆ لەگەڵ مالیكی نەكراوە، بەڵكو لەگەڵ سەدر كراوە بۆ ئەوەی گەمارۆی سیاسی لەسەر مالیكی هەڵگرێت". زیاتر گوتی "زیندووكردنەوەی هاوپەیمانیەتییەكە لەسەر دەستی حاجی سولەیمانی دەبێت و ئەویش بووەتە پارێزەری هاوپەیمانیەتییە نوێیەكە كە ئامانج لێی نوێكردنەوەی هاوپەیمانیەتی شیعەكان و رێكخستنەوەی ناو ماڵی شیعەیە، ئەگەری زۆریشە دواجار شیعەكان ببنەوە یەك لیست، بەو مەرجەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ حزبی دەعوە نەبێت".

لای خۆیەوە خالید سەرای سەركردە لە دەوڵەتی یاسا ددانی بەوەدا نا كە لایەنە شیعییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران نەدرێتەوە بە حزبی دەعوە.

هاوكات عەبدولحەمید لامی سەركردەی لە هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ، هاتنە ناوەوەی مالیكی و عەبادی بۆ ناو هاوپەیمانیەتییە تازەكە تەنیا پرسی كاتە و هەوڵی زۆریش دراوە و هەنگاوی زۆریش بڕاوە. گوتی "زۆرینەی لیستەكان كۆكن لەسەر هاوپەیمانیەتییە نوێیەكە".

 


وشە - فه‌رمان سادق