سوننەكان وەڵامی عەبادی دەدەنەوە

:: AM:09:57:15/06/2018 ‌


هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ دەكەن و پێیان وایە هەنگاوێكە بۆ پڕۆژەی نیشتمانی.

شەوی رابردوو هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان لە بەیاننامەیەكدا پێشوازییان لە دەستپێشخەری حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ كرد، رایان گەیاند ئەمە هەنگاوێكە بە ئاراستەی راگەیاندنی پڕۆژەیەكی نیشتمانی.

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ دوێنێ لە پەیامی جەژنانەی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، داوای لە هێزە سیاسییەكان كرد لەسەر ئاستی باڵا و فراوان كۆ ببنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی حكوومەتی نوێ.

هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان لە بەیاننامەكەیاندا كە "جۆڕناڵ" بڵاوی كردووەتەوە، لە وەڵامی داواكەی عەبادی، وێڕای پێشوازی پێیان وایە بانگهێشت بۆ كۆبوونەوە و دیالۆگی نیشتمانی هەنگاوێكە بە ئاراستەیەكی راست بۆ راگەیاندنی پڕۆژەی نیشتمانی، ئەوەشیان خستووەتەڕوو گرنگە بۆ قۆناغی داهاتوو پرسی تایفەگەری تێپەڕێنرێت تا بتوانرێت حكوومەتێكی بە هێز دامەزرێنرێت كە بتوانێت ئابووری عێراق بنیاد بنێتەوە و بەرەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بكرێتەوە.

هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان ئامادەیی خۆیان نیشان دا كە بە رووی هەموو پڕۆژە و دەستپێشخەرییەك دەكرێتەوە كە دووپات لەسەر بنیادنانەوەی هاوبەشی و هاوئاهەنگی لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی گەلانی عێراق و هێزە سیاسییەكان بكات.




وشە - فه‌رمان سادق