خاچی سوور پشكنینی DNA بۆ دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی مووسڵ دەكات

:: AM:11:47:15/06/2018 ‌


پارێزگاری نەینەوا ئاشكرای كرد كە خاچی سووری نێودەوڵەتی دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی پاشماوەی داعشی لە مووسڵ گرتووەتە دەست لە مووسڵ. بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی مووسڵیش دەڵێ، خاچی سوور بەرپرس دەبێت لە هەڵدانەوەی گۆڕەكان و ئەنجامدانی پشكنینی DNA بۆ تەرمەكان.

ئەمڕۆ هەینی 15ی حوزەیران، نۆفل حاكوب پارێزگاری نەینەوا ئاشكرای كرد كە دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی پاشماوەی داعش رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی كراوە.

جێی باسە دوای هاتنی داعش لە نۆی حوزەیرانی 2014 تا كۆتای مانگی تشرینی یەكەمی 2017، چەندان گۆڕی بە كۆمەڵی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە.

زیا كەریم بەرپرسی فەرمانگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، دوای سەركەوتن بەسەر داعش رای گەیاند تەنیا لە سپایكەر 14 گۆڕی بە كۆمەڵ هەن، لەگەڵ ئەوانەی حەویجە ژمارەیان دەگاتە 36 گۆڕ.

زیا ئاشكرای كرد كۆی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی پاشماوەی داعش لە عێراق ژمارەیان گەیشتووەتە 72 گۆڕی بە كۆمەڵ و هێشتا گەڕانیش بەردەوامە بە دوای دۆزینەوەی گۆڕی تری بە كۆمەڵ.

هاوكات عەبدولقادر دەخیل بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی مووسڵ لە لێدوانێكی تایبەت بە "غەد پرێس" ئاشكرای كردووە كە خاچی سووری نێودەوڵەتی دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی گرتووەتە دەست.

زیاتر گوتی "خاچی سووری نێودەوڵەتی دوای هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، پشكنینی DNA بۆ تەرمەكان ئەنجام دەدات بۆ ناسینەوەیان بە تایبەت ئەوانەی باشووری مووسڵ و لای راستی مووسڵ و ناوچەی عەیازیەی رۆژئاواری شارەكە".





وشە - فه‌رمان سادق