ئەنجوومەنی ئاسایش كاری یۆنامی لە عێراق درێژ دەكاتەوە

:: PM:12:05:15/06/2018 ‌


دوای مانگێك لە تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی كاركردنی لە عێراق، دواجار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ماوەی كاری یۆنامی لە عێراق درێژ كردەوە تا ساڵی 2019.

دوای مشتومڕێكی زۆر، دواجار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ماوەی كاری "یۆنامی" نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی لە عێراق تا مانگی ئایار/ مایۆ 2019 درێژ كردەوە.

یۆنامی كە لە ساڵی 2003 بە بڕیاری ژمارە 1500ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری كاركردنی لە عێراق دراوە، كاری سەرەكی پێشكەشكردنی راوێژ و هاوكارییە بە عێراق و هەموو ساڵێكیش ماوەی كاركردنی درێژ دەكرێتەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە كۆبوونەوەی خۆیدا بە بڕیاری 2321، بە زۆرینەی دەنگ ماوەی كاركردنی یۆنامی لە عێراق تا 31ی ئایار/ مایۆ 2019 درێژ كردەوە.

لە بڕیارەكەدا هاتووە لەسەر حكوومەتی عێراقە پێش كۆتاهاتنی ماوەی كاركردنی یۆنامی، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بكات بۆ مانەوەی بۆ ساڵێكی تر، یانیش كۆتا پێهێنانی كاركردنی لە عێراق.

جێی باسە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی یۆنامی ئەمجارە لەسەر خواستی ئەمەریكا بوو كە ماوەی چەند مانگێكە داواكاری پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایش كردووە، كە ماوەی كاركردنی لە 31ی ئایار/ مایۆ كۆتای پێ هاتبوو، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و مشتومڕەوە پەسندكردنی بڕیارەكە دواكەوتبوو.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرچ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند لەسەر یۆنامییە هەموو سێ مانگ جارێك راپۆرتێك پێشكەش بە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكات.

جێی باسە یۆنامی لە عێراق زیاتر كاری خزمەتگوزاری راوێژكارییە بۆ حكوومەت و گەلانی عێراق لە چەند سێكتەرێكدا، هاوكات یارمەتی عێراقییەكانیش دەدات لە گفتوگۆی سیاسی گشتگیر و ئاشتەوایی نیشتمانی، یارمەتی دەدات لە پرسی هەڵبژاردن و پلانی سەرژمێری و كارئاسانی گفتوگۆی هەرێمایەتی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی، باشتركردنی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و چاكسازی دادگەری و یاسایی و كاركردن لەگەڵ هاوبەشە حكوومییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ هاوئاهەنگی و كارئاسانی بۆ ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - فه‌رمان سادق