توانا ئه‌مین سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی سوهراب سپێهری ده‌كات به‌ كوردی

:: PM:02:39:15/06/2018 ‌

له‌ نوێترین پڕۆژه‌ی ئه‌ده‌بیدا، توانا ئه‌مین نووسه‌ری كورد، سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی سوهراب سپێهری شاعیری فارسی كردووه‌ به‌ كوردی.

"هه‌شت كتێب” ناوی هه‌شت كتێبی شیعرییه‌ و كۆبه‌رهه‌می شاعیری به‌ناوبانگی ئێرانی "سوهراب سپێهری"یه‌، ئه‌م كۆبه‌رهه‌مه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێڕ توانا ئه‌مینه‌وه‌ وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی كوردی.

 توانا ئه‌مین له‌باره‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و گرنگی سوهراب سپێهرییه‌وه‌ گوتی: "به‌گشتی سوهراب پێویستییه‌ بۆ دنیای نوێ و به‌تایبه‌تی بۆ ئێسته‌ی دنیای كوردی، چونكه‌ شیعری سوهراب گله‌یییه‌كی تونده‌ له‌ ژیانی مرۆڤی نوێ، له‌ زیاد به‌كاربردن، له‌ ئیسرافی نه‌ك ته‌نیا شته‌ مادییه‌كان، به‌ڵكو شته‌ مه‌عنه‌وییه‌كانیش، له‌ زۆر قسه‌كردنه‌وه‌ تا داوای شادی گه‌وره‌ و مه‌سره‌فكردنی دوودڵی و غه‌مگینی زۆر كه‌ ئێسته‌ بووه‌ به‌باو، له‌ دنیای ئه‌م پیاوه‌دا دۆڕاو و سه‌ركه‌وتوو نییه‌، زه‌وی هی هه‌موومانه‌ و ئێمه‌ لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له‌م هه‌موو جوانییه‌ی سروشت و مرۆڤ وه‌ربگرین كه‌ ته‌نیا بۆ ئێمه‌ ساز كراوه‌".

هه‌ر یه‌ك له‌ مامۆستایان خالید فاتحی و هاوبیر كامه‌ران پێیدا چوونه‌ته‌وه‌ و وه‌رگێڕانه‌كه‌یان به‌راورد به‌ ده‌قی فارسی كردووه‌. 

ئێسته‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌كۆتادایه‌ و ئاماده‌ ده‌بێت بۆ چاپ.


وشە - ڕێناس شابان