موعجیزە لە دایكبوو..كێشی 500 گرامە!

:: PM:12:20:04/12/2016 ‌

لە دیاردەیەكی ناوازە و دەگمەن كە تا ئێستە ڕووینەداوە، منداڵێك لە شاری مانچستەری وڵاتی بەریتانیا لەدایكبوو كە كێشی منداڵەكە تەنیا 500 گرامە و ئەمەش پزیشكانی تووشی شۆك كردووە، چونكە بەو كێشە كەمەوە تا ئێستەش لە ژیاندایە و هەناسە دەدات، بە بۆچوونی پزیشكانیش ئەم حاڵەتە زۆر نائاساییە و تا ئێستە لەهیچ وڵاتێكی حاڵەتی لەمشێوەیە تۆمار نەكراوە.

ئەو منداڵە بەر لەوەی لە دایك ببێ، لەلایەن دایك و باوكییەوە بڕیاردرابوو ناوی بنرێ ئەلیزابێس، دایكەكە لە 23ەم هەفتەی دووگیانیدا واتە لەماوەی پێنجەم مانگی سكپڕییەكەدا ژانی منداڵبوون گرتی و بە پەلە گەیەنرایە نەخۆشخانە و منداڵێكی پێنج مانگی هێنایە دنیاوە، لە كاتێكدا پێویستە منداڵ نۆ مانگ لە سكی دایكیدا بمێنێتەوە.

رۆژنامەی "میرەر"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، منداڵەكە بە پێنج مانگی هاتووەتە دنیاوە و كێشی تەواوی جەستەشی تەنیا 560 گرام بووە واتە 440 گرام كەمتر لە كیلۆیەكیش بووە.

لە میدیاكان ئەو منداڵە بە منداڵی "موعجیزە" ناوی دەبرێ و لەو كاتەی لە نەخۆشخانەی سانت ماری شاری مانچستەر لەدایكبوو و هەموو ڕێوشوێنە پزیشكییەكانی بۆ گیرایە بەر، لە كۆتاییدا بە تەندروستییەكی باشەوە پێشكەشی دایك و باوكی كرایەوە تا بیبەنە ماڵەوە گەورەی بكەن.
دواتر تەندروستی ئەو منداڵە تێكچوو، بۆیە گەیەنرایەوە نەخۆشخانە و ماوەی دوو مانگ و نیو لە ژێر چاودێری وردی پزیشكیدا بڕیاری مانەوەی بۆ دەرچووە، تا بگاتە تەمەنی نۆ مانگی پزیشكان بە بەردەوامی چاودێری دەكەن.

گیسا دایكی منداڵەكە دەڵێ، كاتێك گەیشتینە نەخۆشخانەی سانت ماری، وام هەست كرد ئازاری سكەكەم لەبەرچوونیەتی، هەرگیز باوەڕم نەدەكرد لەو كاتە منداڵم ببێ، بەڵام پێشوەختە منداڵەكەم بوو  و ئەگەری مان و مردنی 50% بوو، بەڵام لە ژیاندا ماوەتەوە.

ئێستە ئەلیزابێس هیچ كێشەیەكی نییە و بەردەوام لە ژێر چاودێری پزیشكدایە و تیمی ڕزگاركردنی رووحەكان 24 سەعات چاودێری دەكەن.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د