ناوەندی عێراقی بۆ پشتگیری لە ئازادی رادەربڕین لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات لە پێنج مانگی رابردوودا 33 پێشێلكاری دژی رۆژنامەنووسان تۆمار كراوە.
لەو راپۆرتەدا كە "
كەناڵی دیجلە" بەشێكی لێ بڵاو كردووەتەوە، باس لە دیارترین پێشێلكاری دژی رۆژنامەنووسان دەكات كە لە ناوەندی عێراقی بۆ پشتگیری لە ئازادی رادەربڕین تۆمار كراوە، باس لەوە دەكات لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 33 پێشێلكاری دژی رۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە، لەوانە بڕیاری گرتن و هەڵكوتانە سەر رۆژنامەنووسان و لێدان لێیان لەلایەن هێزە تەناهییەكان و هێزی نەناسراو دژ بە رۆژنامەنووسان دیارترین پێشێلكاری بووە.
ناوەندی عێراقی داوا لە حكوومەتی عێراقی دەكات كە رێنوێنی بداتە هێزە تەناهییەكان لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان بەگوێرەی دەستوور و یاسا، هەروەها داواش دەكات رێز لە رۆژنامەنووسان بگیرێت.
راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات ئەوانەی پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە، رۆژنامەنووسانی كەناڵە ئاسمانی و لۆكاڵییەكان بوونە كە جگە لە گرتن و لێدان، ئەوا هەڕەشی كوشتنیشیان لێ كراوە لەلایەن كەسایەتییە سیاسییەكان و بەرپرسە تەناهییەكانی حكوومەتی عێراقی لەو كاتەی رۆژنامەنووسەكان سەرقاڵی بەجێگەیاندنی پیشەی رۆژانەی خۆیان بوون.