سەرمایەی دەوڵەمەندانی دنیا گەیشتە 202 ترلیۆن دۆلار

:: PM:03:46:15/06/2018 ‌


لە كاتێكدا دۆلار بەرانبەر زۆرینەی دراوە نێودەوڵەتییەكان شكاوە، ئەوا گرووپی بۆستن بۆ راوێژكاری دەڵێ سەرمایەی دەوڵەمەندانی دنیا گەیشتە 202 ترلیۆن دۆلار و بەمەش بەهێزترین گەشەی لە پێنج ساڵی رابردوودا تۆمار كردووە.

لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەیدا، گرووپی بۆستن بۆ راوێژكاری ئاشكرای دەكات سەرمایەی دەوڵەمەندانی دنیا گەیشتووەتە 202 ترلیۆن دۆلار و دەوڵەمەندانی سێ وڵاتیش دەستی بەسەر دنیادا گرتووە.

لە راپۆرتەكەدا كە "شەفەق نیوز" بەشێكی لێ بڵاو كردووەتەوە و گرووپی بۆستن ئەنجامی داوە، سەرمایەی دەوڵەمەندانی دنیا لە ساڵی 2017 بە رێژەی 12% زیادی كردووە، دەوڵەمەندانی ئەمەریكای باكوریش پێشەنگیان گرتووە.

بەپێی راپۆرتەكە دەوڵەمەندانی ئەمەریكای باكور كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێشەنگی گرتووە، ئەوا 43%ی سەرمایەی دەوڵەمەندانی دنیا لەو وڵاتەیە، دوای ئەویش چین و پاشان ژاپۆن دێت.

هاوكات سویسرا وەك دایكی بانكەكانی جیهانی، زۆرترین پارەی دەوڵەمەندانی دنیای تێدا كۆ بووەتەوە كە دوو ترلیۆن و 300 ملیار دۆلارە، دوای ئەویش هۆنگ كۆنگ دێت بە ترلیۆنێك و 100 ملیار دۆلار و پاشان سەنگاپوورە دێت بە 900 ملیار دۆلار.

توێژینەوەكەی گرووپی بۆستن دەریخستووە گەشەی سەرمایەی دەوڵەمەندانی دنیا لە پێنج ساڵی رابردوودا زۆر خێرا بووە، پێشبینیش دەكرێت بۆ پێنج ساڵی داهاتوو رێژەی 5% بچێتە سەر سەرمایەی دەوڵەمەندانی دنیا.

هاوكات بەپێی سەرژمێرییەكی گۆڤاری فۆڕبیسی ئەمەریكی ژمارەی ملیاردێرەكانی دنیا بۆ ئەمساڵ دوو هەزار و 208 كەسن كە كۆی سەرمایەكەیان نۆ ترلیۆن و 100 ملیار دۆلارە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 165 ملیاردێر زیادی كردووە، كە ساڵی 2017 ژمارەكە دوو هەزار و 43 ملیاردێر بووە بە سەرمایەی حەوت ترلیۆن و 670 ملیار دۆلار كە ترلیۆنێك و 430 ملیار چووەتە سەر سەرمایەی دەوڵەمەندەكانی دنیا.




وشە - فه‌رمان سادق