نووسەرێكی رووسی: دەركەوتنی دەوڵەتێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێگەوەیە

:: PM:05:19:15/06/2018 ‌

لەژێر ناونیشانی "ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە"، نووسەری رووسیایی ئیگۆڕ سۆبۆتین لە رۆژنامەی "نیزافیسمایا گازیتا"ی رووسیایی وتارێكی نووسیوە و تیادا ئاماژە بۆ پاڵنانی دۆخەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكورد دەكات بۆ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ ئیسرائیل و بەدیهێنانی خەونەكەیان بەدامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان.

لە وتارەكەدا هاتووە، مەولوود چاوەیشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ ئێران لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكی عێراق، ئەوەش جێی تێبینییە لەسەر ئەو بنەمایەی پێشتر گومان هەبوو بەبوونی پێوەندی باش لە نێوان ئێران و پەكەكە بەمەبەستی رێگرتن لە دەسەڵاتەكانی توركیا لە ناوچەكە. 

زیاتر گوتی، رەنگە دۆخەكە ئێستا دەستی بەگۆڕانێكی ریشەیی كردووە و پرسەكە تەنیا ئەوەندە نییە كە ئێران ئامادەی دەستبەرداربوون بێت لە پەكەكە بۆ توركیا كە بووەتە هاوبەشی ئێران لە چارەسەركردنی دۆخی سووریا، بەڵكو بەهۆی هەوڵەكانی ئەنكەرە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتەكانی لە ناوچەكە، سەركردایەتی ئیسرائیل دەستی كردووە بە تاوتوێكردنی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، كاتێك پەرلەمانتار یواف كیش، لە پارتی لیكۆد بە سەرۆكایەتی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەناو كنێستی ئیسرائیلی پڕۆژەی داننانی بە مافی كورد لە بنیاتنانی دەوڵەتێكی تایبەت بەهۆیان خستە روو.

لەوەی كیش پێشنیازی كردووە پێویست دەكات ئیسرائیل دان بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە باكوری عێراق دابنێت، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواستەكانی توركیا لە ناوچەكە، جیا لەوەش سەركردایەتی ئیسرائیل گرنگی بە كوردی سووریا دەدات كە ئەمەریكا لە پاڵپشتیكردنیان بێئومێدی كردن، لەو بارەوە ئیلیزاڤیتا چۆركۆڤا، توێژەر لە سەنتەری شیكاری ئیسرائیلی "كۆڕبەندی بیركردنەوەی ناوچەیی"، لە سەرەتای ئەم مانگە لەبارەی سەردانی شاندێكی كوردی بۆ ئیسرائیل گوتی، بەپێی زانیارییەكانم چەند كەسایەتییەكی فەرمی ئیسرائیلی چاویان بە سەرانی كوردی سووریا كەوتووە. بەڵام پێوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ پارتی یەكێتی دیموكرات كە كوردستانی رۆژئاوا بەڕێوە دەبات توندوتۆڵ نییە.

زیاتر گوتی، پێ ناچێت ئیسرائیل یاریكارێكی سەرەكی بێت لە باكوری سووریا، بەڵكو ئیسرائیل لە روانگەی هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر خۆی سەیری سووریا دەكات نەوەك لە روانگەی بەرژەوەندییەكانی كورد لە خۆبەڕێوەبەری یان سەربەخۆییەوە، ئەو وا سەیری هەموو یاریكارەكانی سووریا دەكات لەسەر بنەمای هەڵوێستیان لە بەرانبەر بە ئێران. 

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل