دەوڵەتی یاسا: هێزە شیعەكان نایانەوێت سەرۆك وەزیران لە حزبی دەعوە بێت

:: PM:05:48:15/06/2018 ‌

ئەندامێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی رای گەیاند كە هێزەكانی تری شیعە پاڵپشتی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەلایەن حزبی دەعوە ناكەن، بۆیە وەرگرتنەوەی پۆستەكە لەلایەن حزبی دەعوە زەحمەتە.

خالید سەرای ئەمڕۆ هەینی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند كە هێزەكانی تری شیعە پاڵپشتی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن حزبی دەعوە ناكەن، ئەو بەدووری زانی كە دووبارە ئەو حزبە پۆستەكە وەربگرێتەوە.

زیاتر گوتی، چەندان ئاماژە هەن كە وەرگرتنی پۆستەكە لەلایەن حزبی دەعوە دوور دەخەنەوە لەوانە بەدەست نەهێنانی حزبەكە دەستكەوتێكی شایستە لە هەڵبژاردنەكان.

هەر لەو بارەوە رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" لە ساڵح حەسناوی كە سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتحە و كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق گواستەوە، دۆخی سیاسی ئێستەی عێراق بەئاراستەی پێكهاتنی سێ بارستەی شیعە و سوننە و كورد دەچێتەوە.

زیاتر گوتی، تاكە رێگە بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەی ئێستەی عێراق دروستبوونی هاوپەیمانیەتێكە هەموو هێزە سیاسییەكان كۆبكاتەوە و دەستكەوتی هەڵبژاردنەكان بەهێزتر بكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل