وەزیری بەرگری ئەمەریكا ڤلادیمێر پووتن تۆمەتبار دەكات

:: PM:09:17:15/06/2018 ‌

جیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریكا ڤلادیمێر پووتن سەرۆكی رووسیای بە هەوڵی لێكهەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) و نەهێشتنی سەرنجراكێشی دیموكراسیەتی رۆژئاوا تۆمەتبار كرد. 

ماتیس لەبەردەم ئاهەنگێكی قوتابیان لە كۆلیژی سەربازی دەریاوانی ئەمەریكا لە دوورگەی رۆدئایلاند ئەمڕۆ هەینی گوتی، بۆ یەكەمجارە لەوەتەی دووەم جەنگی دنیادا رووسیا دەبێتە تاكە وڵات كە سنوورە ناودەوڵەتییەكان لە جۆرجیا و ئۆكراینا بەهێزی چەك دادەڕێژێتەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ڤیتۆ بۆ بڕیارەكانی دراوسێ دیپلۆماسی و ئابووری و تەناهییەكانی دەدات.

زیاتر گوتی، پووتن هەوڵی لێكهەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی ناتۆ و نەهێشتنی رەونەقی نموونەی دیموكراسیەتی رۆژئاوا و ناوبانگی ئەخلاقییانەی ئەمەریكا دەدات، بۆیە ئەو هەڵسوكەوتانەی پووتن بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی هێزی سەربازی ئەمەریكا نییە، بەڵكو نەهێشتنی باوەڕی ئەمەریكاییەكانە بە بەهاكانیان.

ماتیس دووپاتی كردەوە، پێویستە ئەمەریكا وەك نزیكترین دەوڵەتی بەربەرەكان سەیری رووسیا بكات لەبارەی هاوسەنگی هێز و توانا ئەتۆمییەكانی، كە هەروەها چین وڵاتێكی تری بەربەرەكانە بۆ ئەمەریكا.

ئەو قسانەی ماتیس لە دوای چەند سعاتێك دێت لە دووپاتكردنەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پێویستی گەڕانەوەی رووسیا بۆ كاركردن لە چوارچێوەی گرووپیG8 كە بەهۆی داگیركردنی نیوچە دوورگەی قرمیا لە 2014 لێی دەركرا و ئاماژەیشی بۆ ئەگەری كۆبوونەوەی لەگەڵ پووتن لەم هاوینە كرد.  

سەرچاوە/ بەغداد تودەی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل