حزبی شیوعی عێراق ئاماژە بۆ ئەگەری بوونی بە ئۆپۆزسۆن دەكات

:: PM:09:58:15/06/2018 ‌

هاوپەیمانیەتی نێوان هەردوو هاوپەیمانی سائیروون و فەتح بۆ زۆرێك كتوپڕ بوو لەوانەیش حزبی شیوعی عێراق، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی راوێژكاری حزبی شیوعی عێراق بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەی ناوەندی و لیژنەی چاودێری ناوەندی و سكرتاریەتی ناوچەكان لە پارێزگاكانی عێراق و ژمارەیەك لە كادیرانی ئەو حزبە بۆ باسكردنی ئەو رێككەوتننە كۆبوونەوە كە ئەوان بەشێكن لە هاوپەیمانی سائیروون.

پرسی هاوپەیمانیەتی حزبی شیوعی عێراق لەگەڵ پارتی ئیستقامەی سەر بە موقتەدا سەدر هەر لە سەرەتای راگەیاندنی و پێكهێنانی هاوپەیمانی سائیروون، پرسێكە چەندان پرسیاری لەسەر دروست بوو، ئاخۆ چۆن هێزێكی چەپ و باوەڕكار بەئازادییەكان دەتوانێت لەگەڵ پارتێكی توندڕۆی مەزهەبی و ئاینی چەكدار چەند مەبەستێك بیانكات بە هاوپەیمان.

بەپێی راگەندراوی كۆبوونەوەكەی حزبی شیوعی عێراق كە ئەمڕۆ هەینی بڵاو كرایەوە، دووپات لە پێویستی چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بە رێگەی یاسایی و دەستووری دەكەینەوە بەپاراستنی خواست خەڵك و داخوازییەكانیان بۆ چاكسازی و گۆڕان. 

حزبی شیوعی دەستی بە گۆڕانكاری و چاكسازی لە عێراق بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و نەهێشتنی بەشبەشێنە و گەندەڵی و هێشتنەوەی چەك بەدەستی دەوڵەت و دابینكردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك گرتووە.

بۆیە ئەوانە خاڵە هاوبەشەكانمانن كە لەبارەیانەوە هاوپەیمانیمان لەگەڵ سائیرووندا كردووە و بۆ داهاتوویش هەر وا دەبین بۆ هەر هاوپەیمانیەتیێكی تر بۆ پێكهێنانی گەوەرترین بارستەی پەرلەمان و حكوومەتی نوێی عێراق، بۆیە دووپات لە سەربەخۆیی سیاسی و رێكخستن و هزری حزبی شیوعی دەكەینەوە. 

حزبی شیوعی هۆكاری سەركەوتنی سائیروون بۆ ئەو خاڵانە دەگەڕێنێتەوە، بۆیە بەشداریكردنمان لە چوارچێوەی سائیروون لە هەر حكوومەتێكی نوێ ئەگەر ئەو داوایانە لەخۆ نەگرێت و نەخرێنە ناو بەرنامەی حكوومەت بۆ جێبەجێكردنیان، ئەوە حزبی شیوعی بەشداری لەو حكوومەتە ناكات و خۆی بەناچار دەبینێتەوە بۆ هەڵبژاردنی هەر بژارەیەكی تری ئاشتیانە لەوانەیش چوون بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل