ئەمەریكا لە پاشەكشەكردن لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ نزیك دەبێتەوە

:: PM:10:52:15/06/2018 ‌

چالاكان و دیپلۆماتكاران باسی ئەوە دەكەن كە گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا لەبارەی چۆنیەتی چاككردنی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سەركەوتوو نەبوو لە بەدیهێنانی داواكارییەكانی واشنتن كە دەیەوێت بڕگەیەكی دژ بە ئیسرائیل لا ببات، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەگەری زۆری پاشەكشەی ئەمەریكا لەو ئەنجوومەنە كە بارەگاكەی لە جنێڤە.

سەرچاوەیەكی ئەمەریكایی لەو بارەوە بە "رۆیتەرز"ی راگەیاند كە پێ دەچێت پاشەكشەكردنەكە زۆر نزیك بێت، سەرچاوە دیپلۆماسییەكانیش دەڵێن كە پرسیارەكە لەوەدا نەماوە كە ئایا واشنتن پاشەكشە دەكات یان نا؟، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كەی ئەو كارە دەكات؟.

بڕیارە دووشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ دەست بە دانیشتنەكانی بكاتەوە كە سێ هەفتە بەردەوام دەبێت، بەڵام رەنگە ئەمەریكا لەو دانیشتنانە بەشداری بكات.

پارساڵ نیكی هێلی، نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەئاشكرا بە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی راگەیاندبوو كە واشنتن رەنگە لەو ئەنجوومەن پاشەكشە بكات ئەگەر لە لایەنگیری لەدژی ئیسرائیل نەوەستێت.

ئەو ئەنجوومەنەی لە 2006 هاتە دامەزراندن و لە 47 ئەندام پێك هاتووە، بڕگەیەكی لە كارنامەكەی هەیە لەبارەی ئەو پێشێلكارییانەی ئیسرائیل لەدژی فەلەستینییەكان ئەنجامی داوە و ئەمەریكا دەیەوێت لای ببات، ئەمەریكا پێی وایە ئەو ئەنجوومەنە ئەو وڵاتانەی تیادایە كە نەیاری ئیسرائیلن و ماوەی سێ ساڵ پاشەكشەی تیادا كرد، واتە تا 2009.  

سەرچاوە/ سكای نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل