داعش پەلاماری حەشدی شەعبی دەدات

:: AM:09:00:16/06/2018 ‌
ژمارەیەك چەكداری‌ رێكخراوی‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ ناسراو بە داعش لە پارێزگای دیالە هێرشیان كردەسەر ژمارەیەك چەكداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و چەكدارێكیان كوشت كە كوردێكی فەیلیە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، محەمەد فائیق بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ قائیمقامیەتی‌ خورماتوو بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ‌ هەینی 15ـی حوزەیران چەكدارانی‌ داعش هێرشیان كرد ەسەر سەنگەرەكانی لیوای 110ـی كوردە فەیلییەكانی‌ حەشدی شەعبی لە گوندی وادی سلابی‌ سەربە شارەدێی سەعدیە لە باكووری رۆژهەڵاتی شارۆكەی باقوبەی پارێزگای دیالە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامی خورماتوو دەڵێت، لە ئەنجامدا شەڕ و پێكدادان روویدا و چەكدارێكی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بەناوی‌ (قەحگان ئەركەوازی) كوژرا، هەروەها دواتر هێزە تەناهییەكان گەیشتنە شوێنی‌ شەڕەكە و ناوچەكەیان كۆنترۆڵ كرد، بەبێ‌ ئەوەی‌ هیچ چەكدارێكی‌ داعش  بگیرێت.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری باڵێكی سەربازی یەكێتی كەبووە هۆكاری لە دەستدانی لە %51ـی خاكی هەرێمی كوردستان ئەو سنوورانەی كە پێشمەرگە بەڕێوەی دەبرد ئێستە داعش كردەی سەربازی و پەلاماری بۆ سەر گوندەكان تێدا ئەنجام دەدات و هەفتەی ڕابردووش هەشت كوردیی كاكەیی لە گوندێك كوژران.



وشە - رامیار جەواد