فڕنسا بەشداری شەڕی یەمەن دەكات

:: PM:02:00:16/06/2018 ‌
بەگوێرەی میدیاكانی فڕنسا، هێزی وشكانی فڕنسا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سعودیە و یەمەن و هاوپەیمانان بەشداریان لە شەڕی دژ بە حوسییەكان لە یەمەن كردووە و سەركەوتنیان بەدەست هێناوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، میدیا سەربازییەكانی فڕنسا ئاماژەیان بۆ بوونی هێزە سەربازییەكانیان لە یەمەن كردووە بەمەبەستی پاڵپشتی كردنی هێزەكانی هاوپەیمانان، بەڵام زانیاری زیاتر لەباری چالاكییەكانیان ڕوون نەكراوتەوە و وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەیش هیچ لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەداوە.

شایانی باسە ئەمڕۆ بەیانی هێزەكانی یەمەن بە پشتیوانی سعودیە و هاوپەیمانان هێرشیان كردووەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەدیدە و كۆنتڕۆڵیان كردووەتەوە كە ماوەی سێ ساڵە لە ژێر دەستی تیرۆرستانی حوسی دابوو.

گرووپی حوسیەكانی یەمەن بە ئەنساڕوڵا ناسراون و لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن و تەواوی چەك و پێداویستی سەربازییان بۆ دابین دەكرێت، لە ساڵی 2007 هاتنە یەمەن و سەنعای پایتەختیان داگیر كرد و بۆ ماوەی سێ ساڵە شەڕ لەگەڵ سعودیە و حكوومەتی یەمەن دەكەن و بەهۆیەوە بەهەزاران خەڵكی یەمەن كوژراو بریندار و ئاوارە بوون.



وشە - په‌یام محه‌مه‌د