پارتی مه‌رج و كاتی چوونی شاندی حزبه‌كه‌ی بۆ به‌غدا ئاشكرا ده‌كات

:: PM:02:20:16/06/2018 ‌

به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، دوای جه‌ژن ڕاسته‌وخۆ شاند ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كه‌ن و بێ گره‌نتی وه‌رگرتن ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك نابه‌ستن.

خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ پێگه‌ی "بغداد الیوم"ی ڕاگه‌یاند، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاسته‌وخۆ دوای جه‌ژن سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن، له‌ پێناوی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی له‌ خولی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق.

زیاتر گوتی، مه‌رجی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چوونه‌ ناو هه‌ر هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی سیاسی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێ گره‌نتی كردنی داواكانی كورد ناچنه‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كانه‌وه‌، به‌ر له‌ هه‌ر ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانییه‌ك، مه‌رجمان گره‌نتی كردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و یاساكانه‌.

پارتی دیموكراتی كوردستان چواره‌م لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆی په‌رله‌مانی عێراقه‌ و یه‌كه‌م لیستی براوه‌ی سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانه‌، دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاندێكی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كرد و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاره‌ دوای جه‌ژنیش گفتوگۆ و دانوستاندنه‌كان چڕ بكرێنه‌وه‌، بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن و حكوومه‌تی نوێی عێراق.




وشە - باز ئه‌حمه‌د