ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن

:: PM:02:23:16/06/2018 ‌
بەرپرسێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە هاتنی گەشتیارانیش بەردەوام ڕوو لە زیاد بوونە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و پێشبینی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران دەكرێت.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، لیژنەكانمان بەردەوامن لە چاودێری كردنی شوێنە گەشتیارییەكان و سەردانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێك ڕوونەدات و چاودێری ڕەوشی گەشتیاران و سەیرانگەكانیش دەكەین.

ڕۆستی ئاشكرای كرد تاوەكو ئێستە هیچ ئامارێكی گەشتیاران بەردەست نیە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار هاتوونە و پێشبینی زیاد بوونی ئەو ژمارەیەش دەكرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوو.

هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە شوێنی گەشتیاری ساڵانە لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكان ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار ڕووی تێدەكەن.



وشە - رامیار جەواد