نرخی نەوت زیاتر دابەزی

:: PM:06:53:16/06/2018 ‌
ئەمڕۆ شه‌موو نرخی نەوت لە ژێر كاریگەریی ئامارێكی كۆگاكانی ئەمەریكا لە بازاڕەكانی دنیا ڕووی لە دابەزینى زیاتر كرد، دوای ئەوەی ڕۆژى سێشەمى ڕابردوو بە هۆی رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد.

بەگوێرەی dailyfx ڕۆژى سێشەمى ڕابردوو نرخی نەوت لە 76 دۆلار و 30 سەنتەوە بۆ سەرووی 77 دۆلار هەڵكشا، بەڵام لە ئێوارەكەیەوە ڕووی لە دابەزین كردووە و ئەم دابەزینەش تا ئێستە بەدەوامە، بگره‌ زیاتریش بووه‌، ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 73 دۆلار و 30 سەنت دەفرۆشرێت.

ئەوەی بووەتە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بەرزبوونەوەی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكایە و بەگوێرەی دامەزراوەی ئەمەریكەن پێترۆلیۆم بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا 830 هەزار بەرمیل لە ماوەی هەفتەیەكدا زیادی كردووە و گەیشتووەتە 433 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل. هۆكاری بەرزبوونەوەی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكاش بۆ پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی دەگەڕێتەوە. لە دوو ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا بە رێژەی 28% زیادی كردووە و ئێستە رۆژانە سەرووی 10 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت.

هۆكارێكى ترى دابه‌زینى نرخى نه‌وت بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌ى نێوان  ڕووسیا و سعوودیە دێت دواى ئه‌وه‌ى بۆ پرسی بەرهەمهێنانی نەوت  بڕیارى زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان دا، به‌مه‌یش نرخی نەوتیش زیاتر روو لە دابەزین كرد.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


وشە - محەمەد میران