ئێواره‌ی ڕۆژی 12ی ئایار/مایۆ دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌ریه‌ك له گۆڕان و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ڕاگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه و دووپاتیان له‌وه كرده‌وه كه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی سلێمانی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی هه‌ڵبژاردن ده‌سكاری كراوه.
ئێسته دوای مانگێك له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عێراق، دۆخی وڵات به ته‌واوی به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوا و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ده‌ست ته‌نیا جێبه‌جێكردنی ماوه. به‌ڵام گومان ده‌كرێ له سلێمانی ئه‌نجامه‌كان هاوتا كرابێت له‌گه‌ڵ ژماره ئه‌لیكترۆنییه‌كان.
گۆڕان: ئاماده‌كاری بۆ كاری
به‌رپرسێكی گۆڕان دووپاتی ده‌كاته‌وه، یه‌كێتی هه‌موو شتێكی له‌ده‌ست دێ، ئاماده‌كاریشی بۆ ئه‌وه كردووه ده‌ستكاری سندووقه‌كانیش بكات له دوای هاككردنیان.
شێخ فه‌یسه‌ڵ ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی و به‌رپرسی مه‌كۆی ده‌ربه‌ندیخانی گۆڕان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌م وڵاته هه‌موو شتێك ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه و ئاماده‌كاریشی بۆ كراوه، له‌و ڕۆژه‌ی ده‌نگدان ئه‌نجام دراوه، تا ئێسته‌یش ده‌توانرێ ده‌ستكاری سندووقه‌كان بكرێ، بۆیه مه‌ترسی هاوشێوه‌كردنی ئه‌نجامی ده‌نگدان به جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ست بوونی هه‌یه.
به‌گوته‌ی شێخ فه‌یسه‌ڵ، "باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردن به ته‌واوه‌تی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، چونكه یه‌كێتی هه‌موو شتێكی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ".
"له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بێمنه‌تن له دانیشتن له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تر گوایه خه‌می یه‌كڕیزی ناوماڵی كوردیانه، جارێ با خۆیان به‌یه‌كه‌وه بتوانن دابنیشنبتوانن باڵه‌كانی ناو حزبه‌كه‌یان كۆ بكه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن، ئینجا باسی یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد بكه‌ن" ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤات وای گوت.
كۆمه‌ڵ: گره‌نتی نییه
په‌رله‌مانتارێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له عێراق كه حزبه‌كه‌ی یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی یه‌كێتی به هاككردنی سندووقه‌كان و سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی ده‌نگدان تۆمه‌تبار كرد، ئه‌وه ناشارێته‌وه كه گه‌ره‌نتی نییه ده‌ستكاری سندووقه‌كان نه‌كرابێ له‌و ماوه‌یه‌دا.
زانا ڕۆستایی به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێ گرنگ نییه كێ ده‌نگ ده‌دا، گرنگ ئه‌وه‌یه كێ ده‌نگه‌كان ده‌ژمێرێت، فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆن له شاره‌كانی كوردستان زۆرینه‌یان له سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك سه‌ربه ده‌سه‌ڵاتن، بۆیه پرۆسه‌كه هه‌مووی جێی گومانه و ئێمه دڵخۆش نین به ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش به‌شێوه‌ی ده‌ست له هه‌رێمی كوردستان.
زیاتر گوتی "هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه ده‌سكاری سندووقه‌كان نه‌كرابێ، بۆیه داوامان له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كوردستان كردووه دۆخه‌كه له‌به‌رچاو بگرن و ئه‌و دادوه‌رانه بكه‌ن به سه‌رۆكی نووسینگه‌كانی كۆمسیۆن كه بێلایه‌نن و جێی متمانه‌ی گشت لایه‌نه‌كانن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد هه‌بێ، ده‌سكاریكردنی سندووقه‌كانی ده‌نگدانیش له‌و ماوه‌یه ده‌توانرێ ئاشكرا بكرێن".
سۆشیالست: ژماردنی ده‌ست زۆر دوا كه‌وت
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆشیالست رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌بوو زوو ژماردنی ده‌ست ئه‌نجام بدرێ و ماوه‌یه‌كی زۆر تێپه‌ڕیوه و گومان و مه‌ترسی ده‌ستكاریی سندووقه‌كانی ده‌نگدانی زیاتر كردووه.
عه‌بدوڵای حاجی مه‌حموود بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌و ده‌نگانه‌ی سه‌ره‌تا ڕاگه‌یه‌نران هی جه‌ماوه‌ری ئێمه نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه ناڕه‌زاییمان ده‌ربڕی تا هه‌ژماری ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بكرێ، به‌ڵام ده‌بوو پرۆسه‌ی ژماردن به ده‌ست دوانهخرایه، ئێسته زۆر دواكه‌وتووه، هه‌رچه‌ند چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین تا به ده‌ست ده‌نگه‌كان بێنه ژماردنه‌وه".
ئه‌وه‌یشی نه‌شارده‌وه كه ترسیان هه‌یه، چونكه وه‌ك خۆی گوتی "په‌نابردن بۆ سووتاندنی كۆگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدان، گومانی زۆری دروست كردووه، به‌ڵام دوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش به ده‌ست و ده‌رخستنی ئه‌نجامه‌كان بڕیار و هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین".
شیوعی: كۆمسیۆن به‌رپرسه
په‌رله‌مانی عێراق كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراقی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، نۆ دادوه‌ر وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران دیاری كراون و سه‌رۆكی نووسینگه‌كانی كۆمسیۆنیش له شاره‌كانی عێراق له جێگه‌یان دادوهردادهنرێ، به‌بۆچوونی حزبی شیوعیی كوردستانكۆمسیۆن له‌سه‌ر بنه‌مای حزب و به‌شبه‌شێنه دروست بووه، بۆیه به‌رپرسه له‌و شكسته گه‌وره‌یه.
هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، ئه‌وه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ململانێی هه‌رێمی دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و خراپی بردووه و ناتوانرێ به‌ره‌وپێشه‌وه ببرێ، ئه‌وانه‌ی له به‌غدا حوكم ده‌كه‌ن باوه‌ڕیان به دیموكراسی نییه، ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌ركه‌وتووه به‌شێكه له ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و ململانێیه‌ی چه‌ند ساڵێكه له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان په‌نگی خواردووه‌ته‌وه و له‌لایه‌نی ده‌ره‌كییه‌وه كاری له‌سه‌ر كراوه.
زیاتر روونی كرده‌وه "گومانه‌كه له كۆمسیۆنه به‌گشتی له ئه‌گه‌ری ده‌سكاریی سندووقه‌كانی ده‌نگدانیش له‌و وڵاته، چونكه كۆمسیۆن له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شبه‌شێنه‌ی حزبی دروست كراوه، له‌به‌رئه‌وه هه‌موو شتێك جێی گومانه و ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه".