بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە سێ هاووڵاتی بوونە قوربانی

:: AM:10:44:18/06/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین ڕای گەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەم سێ‌ كەس بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بوونەتە قوربانی.

لە ناوەڕۆكی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سەعات هەشتی بەیانی ئەمڕۆ سێ بریندار گەیەندراونەتەوە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە بەناوەكانی ( و.ع.ا) تەمەن ۳۸ ساڵ پیشەی كاسب و دانیشتووی گەڕەكی نەورۆزی ڕانیە و برینداری دووەم ( ڕ،م،ع ) تەمەن ۱۷ ساڵ پیشەی خوێندكار و دانیشتووی هەمان شوێن كە هەردوكیان مام و برازای یەكترن و برینداری سێیەم كە دراوسێی مام و برازاكەیە بەناوی ( ع،ت،ا ) تەمەنی ( ٥۳ ) ساڵ لە ڕەگەزی مێ.

" ڕووداوەكە بەو شێوەیە بووە كە لە ئەنجامی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوانیان، مام وبرازاكە بە چەكی كڵاشینكۆف و دەمانچە تەقەیان لە یەكتر كردووە و یەكتریان بریندار كردووە  و لەو نێوەندەشدا هاووڵاتی ( ع،ت،ا ) بەهۆی شەڕی نێوان هەردوو مام و برازاكە بریندار بووە" پۆلیس وا دەڵێت.

ڕوونیشكراوەتەوە كە پەڕاوی  لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە و مام و برازاكەیش دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا كە ڕوداوەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوانیان بووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم