میسی بەهۆی لەدەستدانی لێدانە سزاكە زۆر دڵتەنگ بووە

:: AM:10:45:18/06/2018 ‌

راهێنەرێكی ناوداری پورتوگالی و خولی نایابی ئینگلیزی رایگەیاند، لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەهۆی لەدەستدانی لێدانە سزاكەی لە یارییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا لە مۆندیالی 2018ی رووسیا زۆر دڵتەنگ بووە.

شەمووی رابردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یەكەم یاریی خۆی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئایسلەندا یەكسان بوو، لەو یارییەدا میسی هەلێكی سەركەوتنی هەڵبژاردەكەی لەدەستدا كاتێك لێدانێكی سزای لە خولەكی 64ی گێمی دووەم لەدەستدا.

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ ماڵپەڕی (بێرنابیۆ)ی ئیسپانی رایگەیاند: هەڵبژاردەی ئایسلەندا لە یارییەكەدا ئاستێكی باشی پێشكەش كرد هەرچەندە تا خولەكانی كۆتایی بەشێوەی بەرگری یاری دەكرد، لەبەرامبەریشدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەتەواوی كۆنتڕۆلی یاریگەی كردبوو و چەندان هەلی تۆماركردنی گۆڵیان لەدەستدا.

لەبارەی لەدەستدانی لێدانە سزاكەی میسی، مۆرینۆ رایگەیاند: كاتێك لێدانێكی سزا لەدەست دەدەیت و هەڵبژاردەكەشت پێویستییەكی زۆری پێ بێت، بێگومان هەستێكی زۆر ناخۆشت لەلا دروست دەبێت، بێگومان میسیش هەستی بەم دڵتەنگییە كردووە و كاریگەری خراپی لەسەر دروست كردووە.

زیاتر گوتی: بێگومان میسیش مرۆڤە و ئەم جۆرە هەڵوێستانە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر دروست دەبێت، دڵنیام بەهۆی لەدەستدانی ئەم لێدانەوە زۆر دڵتەنگ بووە.

جێی باسە دووەم یاریی میسی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2018ی رووسیا لە كۆمەڵەی چوارەم رۆژی پێنجشەمی داهاتوو دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی كڕواتیا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م