پارتی و یەكێتی بەشاندی هاوبەش دەچنە بەغدا

:: AM:11:32:18/06/2018 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕۆژەیەكیان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەنە بەغدا و لەگەڵ لایەنەكانی تر گفتوگۆی لەسەر بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو پارتی و یەكێتی بە شاندێكی هاوبەش بچنە بەغدا، ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی لە دوایین كۆبوونەوەی ئەو دوو حزبەدا بڕیار دراوە كە هیچ شاندێكیان بە تەنیا نەچێت بۆ بەغدا.

لای خۆیەوە كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕای گەیاند، داوایان لە حزبەكانی تری كوردستانیش كردووە كە پێكەوە بچنە بەغدا. دووپاتیشی كردەوە كە پڕۆژەیەكیان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكەن.

بەرپرسەكەی پارتی لێدوانی بۆ كوردستان24 داوە و دەڵێت، بودجەی هەرێمی كوردستان و بابەتی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچە بۆ هێزی پێشمەرگە لەپێشینەی كارەكانە.

دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو پارتی و یەكێتی یەكجار بەشاندی جیاواز سەردانی بەغدایان كردووە، بەڵام لەوكاتەوە چەند جارێك كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی هاوبەش ئامادە بكەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم