دەرهێنەرێكی كورد دەبێتە دادوەری ئیتاڵییەكان

:: PM:02:05:18/06/2018 ‌
جوبرائیل ئەبوبەكر دەرهێنەری لاوی كورد دەبێتە دادوەری یەكێك لەفێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەكان.

بۆ یەكەمجار دەرهێنەرێكی لاوی كورد وەك دادوەر لە لیژنەی داوەرانی خولی دوانزەهەمینی فێستیڤاڵی "ریفیر"ی سینەمایی نێودەوڵەتی بەشداری دەكات كە لەوڵاتی ئیتاڵیا ئەنجام دەدرێت.

فێستیڤاڵەكە لە رۆژانی 15 تا 30ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوە دەچێت.

داوەتنامەی فەرمی فێستیڤاڵەكە گەیشتە دەست جوبرائیل ئەبوبەكر و وەك یەكێك لەئەندامانی لیژنەی دادوەری بانگێشتی ئەو فێستیڤاڵە كراوە.

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبووی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بووە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.دەرهێنەرێكی كورد دەبێتە دادوەری ئیتاڵییەكان

جوبرائیل ئەبوبەكر دەرهێنەری هەردوو فیلمی (بێدەنگی ئاسمان) و (ئەیلان)ە و فیلمی (بێدەنگی ئاسمان) لەكەمتر لە ساڵێكدا لە 54 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كرد ‌و چەندان خەڵاتی بەدەستهێنا و هەرچی فیلمی (ئەیلان)ە لەچەندان فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی بەشداری كردووە و لەفێستیڤاڵی كلات نیسای سینەمایی كەلەوڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرت و هەروەها لەیەكەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی رەسام كە لەوڵاتی ئێران بەڕێوەچوو خەڵاتی سێهەمین باشترین فیلمی وەرگرت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم