وادەی پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی دیاری نەكراوە
تا ئێستە وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی دیاری نەكراوە، ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی كە هەفتەی ڕابردوو كۆبوونەوەیەكی تر لەوبارەیەوە دوا خرا.
پڕۆژە یاسای چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەرلەمان رەوانە كراوە، پێشتر پەسەند كرا، بەڵام دواتر لە ژێر فشاری ڕای گشتیی بەهۆی مووچەی پلە باڵاكان گەڕێنرایەوە پەرلەمان.
هەرچەندە پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت پڕۆژەكە پەسەند بكات، بەڵام هیچ ڕێككەوتنێك لەنێوان فراكسیۆنەكاندا نییە. ئایدن مەعرووف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكراوە بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی.
هاوكات پێشتر لیژنەی یاسایی و لیژنەی ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان ڕاپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری كۆبوونەوەكەی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمان دوا خرا بۆ كاتێكی نادیار.
وشە -
سهرخێڵ هاشم