كلیلی رزگاربوونی عێراق لە بێئاویی لە كوردستانە

زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە توركیا و ئێرانن، یان راستتر بڵێین لە رۆژهەڵات و باكوری كوردستانە كە هەردوو حكوومەتی زاڵ وەك چەكی نوێی شەڕ بەكاری دێنن. ئێستە كە حكوومەتی تاران و ئەنكەرە دەستیان بە شەڕەكە كردووە، حكوومەتی عێراق هیچ چارەیەكی نییە جگە لەوەی ئەو سەرچاوە ئاوییانە لە بەرژەوەندی گشتیدا بقۆزێتەوە كە لە هەرێمی كوردستانن.
پەرلەمانتارێك دەڵێت دەبێت لە پەرلەمانی عێراقەوە بە هاوئاهەنگی هەولێر، یاسا و بودجەی تایبەتی تەرخان بكرێت بۆ دروستكردنی بەنداوی گەورە و بچووك لەسەر هەموو رووبار و كانیاو و دۆڵێكی كوردستان.

ئەو جەنگەی بەر لە دەستپێكردنی سەدەی 21ی زاینی پێشبینی دەكرا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو بدات، دەستی پێ كردووە و ئاماژەكانی روودانی ئەو جەنگەش رێك دوای ئەوە دەركەوتن كە توركیا لە ساڵی 1989 بڕیاری دا پڕۆژەی گاپ جێبەجێ بكات و 22 بەنداو لەسەر دیجلە و فورات بنیات بنێت. دوای زیاتر لە چارەگە سەدەیەك خەریكە پڕۆژەكە تەواو دەبێت و عێراقیش تووشی مەترسی بەبیابانبوون، كۆچ، داڕمانی كەرتی ئابووری و كەمبوونەوەی ئاو بووە.

ئێرانیش هاوشێوەی توركیا هەستی بەو مەترسییە كردبوو، بۆیە كۆمەڵێك بەنداوی لەسەر سنوورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست كرد و رێڕەوی هەندێك ئاویشی گۆڕی كە دەڕژانە هەرێمی كوردستانەوە. ئەو ئاوانەی دواجار دیجلەیان پڕئاو دەكرد.
حكوومەتی عێراق هیچ كاتێك هەستی بەو مەترسییە نەكردووە و خەمی لێ نەخواردووە و ئێستەیش كە شەڕ بەری دەرگای گرتووە، نازانێت چۆن ئەم تەنگژەیە چارەسەر بكات. ساڵ بە ساڵ دۆخی عێراق خراپتر دەبێت و پێشبینی كراوە ئەگەر ئێران و توركیا درێژە بەم سیاسەتەیان بدەن، بۆ ساڵی 2040 هەردوو بەنداوی دیجلە و فورات 100% وشك بن.

چارەسەری كێشەی ئاو لە عێراق ئەگەر بەشێكی لە دەرەوە بكرێت و لە رێی یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە هەوڵ بدرێت بەشە ئاوی عێراق لە رووبارەكان بپارێزرێت، ئەوا بەشە سەرەكییەكەی دەبێت لە ناوخۆی عێراق بكرێت و بەگوتەی پەرلەمانتارێك لە بەغدا چارەسەرییەكە لە رێی پەرلەمانی عێراقە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" روونی كردەوە، زۆر لە سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستانیش هەر لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن و ئەوان ساڵی 2008 حكوومەتی عێراقیان لە سیاسەتەكانی ئێران ئاگادار كردووەتەوە و پێیان گوتوون ئێران دەیەوێت رێڕەوی سیروان بگۆڕێت.

ئەو دەڵێت ئێران و توركیا هەرزوو مشووریان لە ئاو خوارد و وەك كارتێكی گوشار بۆ سەر عێراق سوودیان لێی وەرگرت، بەڵام لە عێراق هیچ نەكرا.

لە لایەكی ترەوە ئەندازیار ئەكرەم ئازاد بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" روونی كردەوە كە بەهۆی بەنداوی ئەلیسۆ، ئاوی بەنداوی مووسڵ بۆ نیوە كەمی كردووە و بە گشتی ئاو لە سەرجەم ئەو پێنج سەرچاوەیە كەمیان كردووە كە دەڕژێنە دیجلەوە.

ئەو دەڵێت، داهاتی ئاوی لقە سەرەكییەكەی دیجلە كە لە توركیاوە دێت ساڵانە 20 ملیار مەتر سێجایە كە بە تەواوی كەم كراوەتەوە. داهاتی ئاوی زێی گەورە ساڵانە دەگاتە 12 ملیار مەتر سێجا، هی زێی بچووك دەگاتە نزیكەی پێنج ملیار مەتر سێجا و هی سیروانیش لە نێوان سێ بۆ چوار هەزار مەتر سێجایە و ئاوەسپی ساڵانە یەك ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە گشتی لە سەرچاوەی ئەو ئاوانەش لە لایەن ئێرانەوە كەم كراونەتەوە.

ئەو بەڕێوەبەرە پێی وایە كە هەرێمی كوردستان بە گشتی سەرەڕای ئەم كێشانە، كێشەی كەمئاویی نییە، بەڵام كێشەی خراپ ئیدارەدانی ئاوی هەیە و نەیتوانیوە سوود لە سەرچاوە ئاوییەكانی خۆی وەربگرێت.

لای ئەحمەدی حاجی رەشید چارەسەری كێشەی ئاوی كوردستان و عێراق هەر لە پەرلەمانی عێراقەوە تێدەپەڕێت و ئەگەر عێراق بیەوێت پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات لە مەترسییەكی زۆر گەورە رزگار بكات، دەبێت بایەخ بەو ئاوانە بدات كە لە كوردستان هەن. بۆیە پێی باشە "پەرلەمانی داهاتوو یاسایەك دابنێت كە بە رێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بێتە داڕشتن و تێیدا كار بكرێت بۆ ئەوەی سەرچاوی ئاوی هەرچی رووبار و كانی و شیو و دۆڵی كوردستان هەن بەنداوی گەورە و بچووكیان لەسەر بنیات بنرێت و ئەو ئاو بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراق بەكار بهێنرێت".

پێویستە بگوترێت عێراق متمانەی بە كوردستان نەبووە و هەموو كات ترسی ئەوەی هەبووە هەرێمی كورستانیش سەرچاوە ئاوییەكان وەك كارتی گوشار بۆ سەری بەكار بهێنێت، بەڵام ئەم پەرلەمانتارە دەڵێ "ئەمە راستییەكە و بەغدا هیچ چارەیەكی نییە جگەلەوەی لەسەر بنەمای یاسا رێككەوتن لەگەڵ كوردستان بكات و بودجەیەكی زۆر تەرخان بكات بۆ دروستكردنی بەنداو لە هەرێمی كوردستان".




وشە - سلێمان تاشان


PM:06:23:18/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 1530 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌