ئەمڕۆ دووشەم 18ی حوزەیران، توركیا هەواڵی گەیشتنی سوپاكەی بۆ مەنبەج راگەیاند، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ڕەتی دەكەنەوە.
ئیبراهیم كاڵن گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، لەبارەی گەیشتنی سوپای توركیا بۆ مەنبەج
ڕای گەیاندووە، بۆ ئاسایشی وڵات و یەكپارچەیی خاكی سووریا گەیشتنی سەربازان بۆ مەنبەنج دووپات دەكەینەوە.
لەلایەكی تریشەوە، بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا رای گەیاند، لەمڕۆوە سەربازانیان لە مەنبەج دەستیان بە كارەكانیان كردووە. ئەو دەڵێت، لەگەڵ ئەمەریكا كاردەكەن بۆ پاككردنەوەی ناوچەكە.
ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی توركیا لە كاتێكدایە كە محەمەد ئەبو عادل، فەرمانداری گشتیی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج رەتی كردەوە سوپای توركیا هێڵی تەماسی نێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و "قەڵغانی فورات"ی بەزاندبێت و گەیشتبێتە دەوروبەری مەنبەج.
مەنبەج، بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار كرا، بەڵام ئێستە توركیا داوای چۆڵكردنی ئەو شارە لە هێزە كوردییەكان دەكات.