"ژماردنەوەی دەنگ بەدەست نەهامەتییەكی تر بۆ ناو ماڵی یەكێتی دەهێنێ"

:: PM:09:24:18/06/2018 ‌
هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەوە، ترسی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست كردووە. زانیارییەكانی بەردەست "وشە" ئەوە ئاشكرا دەكەن، لە ئەگەری ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست و دەركەوتنی ساختەكارییەكانی یەكێتی، بەشێكی سەركردەكانی یەكێتی خۆیان لەو ساختەكارییە بێبەری دەكەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری ڕابردوو و بەكارهێنانی ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ بژاردنی دەنگەكان، هەرزوو پەردەی لەسەر ساختەكاریی گەورەی یەكێتی هەڵماڵی و شەش حزبی هەرێم لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەرایییەكاندا ڕەتیان كردەوە و گوتیان یەكێتی تەزویری گەورەی لە دەنگەكانیاندا كردووە. ئێستە بڕیارە دەنگەكان بەدەست بێنە ژماردنەوە و لەناو یەكێتیشدا ئەوە بووە بە كێشە، چونكە بەشێكی سەركردەكانی ئەو حزبە بڕیاریان داوە لە ئەگەری ئاشكرابوونی ساختەكارییەكان، خۆیان لە ئەنجامدانەكەی بێبەری بكەن.

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەرایییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێك لە لایەنگر و سەركردایەتی یەكێتی، خۆیشی بەو ئەنجامانە تووشی شۆك بووین.
زیاتر گوتی "دواتر كە باسی ساختەكاری كرا، لەناو خۆماندا كەوتینە پرسیار لە یەكتر و دەركەوت چەند كەسێكی زۆر كەمی بنەماڵەی تاڵەبانی ئاگاداری ئەو ساختەیەن كە بۆ یەكێتی ئەنجام دراوە".

سەركردایەتییەكە ئەوە ناشارێتەوە كە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست و دەركەوتنی ئەو ساختەكارییەی باس دەكرێت لەلایەن یەكێتییەوە، ماڵوێرانییەكی تر بۆ حزبەكەمان دێنێت. چونكە بەگوتەی ئەو "بەشێك لە سەركردەكان بە ئاشكرا لە ئێستەوە دەڵێن ئەوە كارێكی نەشیاو بووە، بەتایبەت كە بێ‌ ئاگاداری ئەوان ئەو ساختەكارییە كراوە، بۆیە بەرگریشی لێ ناكەن".

"سەركردەكانی یەكێتی مەترسیی ئەوەیان هەیە هەر كارێكی تر بنەماڵەی تاڵەبانی بیانەوێ‌ لە داهاتووش بەبێ‌ ئاگاداری ئەوان بە ناوی یەكێتییەوە بیكەن، چونكە هێشتا خەمی 16ی ئۆكتۆبەر زۆربەیان بەرنەداوە، بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە كوردایەتیدا بەكار بردووە". ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی وای گوت.

یەكێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 18 كورسیی بەدەست هێنا، ئەوەش پێچەوانەی پێشبینییەكانی تەنانەت هەندێ‌ لە سەركردەكانی ئەو حزبە خۆیشی بوو، چونكە پێشبینی دەكرا یەكێتی نەگاتە 10 كورسیی پەرلەمانی عێراق، راپرسییەكانیش هەر بەو ئەنجامە دەگەیشتن.

زیاتر گوتی، "كێشەكە لەناو یەكێتیدا بە دوو ئاراستەیە، ئاراستەیەك ئەوەیە ئەو سەركردانە ئاگاداری ئەو ساختەكارییە نەبوون، ئاراستەیەكیش ئەوەیە لە ئەگەری سەلماندنی ساختەكاریی یەكێتی، ئەو ساختەیەیش بە تەواوی دەسەلەمێنرێت كە لە كاندیدی چەند باڵێكی حزبەكە كراوە، بەتایبەت كاندیدانی نزیك لە كۆسرەت ڕەسووڵ، ئاشكرابوونی ئەوەش هیچ مانای كاركردنی پێكەوەیی ناهێڵێتەوە لە ناوماندا".

ئاماژەی بەوەیش دا كە "هێشتا یەكلا نەبووەتەوە ئاخۆ ژماردنەوەی دەنگەكان چۆن دەبێت و چ گۆڕانكارییەك دروست دەكات، بەڵام بنەماڵەی تاڵەبانی خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردووە و تا ئاستێك بێمنەتن لەوەی كێ‌ دەمێنێتەوە لەگەڵیان و كێ‌ دەڕوات، چونكە جومگە سەرەكییەكانی بڕیار و دارایی یەكێتییان بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ كردووە".

بەڵام یەكێتی خۆی ئەو زانیارییانە ڕەت دەكاتەوە و سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی ئەو حزبە بە"وشە"ـی گوت، "پرسی ساختەكاریی یەكێتی لە سەرەتاوە ڕەتمان كردووەتەوە و ئەوە موهاتەراتی هەندێ‌ لایەنە كە شكستەكانی خۆیان بە شكاندنی یەكێتی دادەپۆشن، بەڵام بێگومان ناتوانن".

پیرە دەڵێ، "یەكێتی هەر یەكەم ڕۆژ گوتی ئاسایییە بەلایەوە دەنگەكان بەدەست هەژمار بكرێنەوە بەپێی دەستوور و یاساكان، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە یەكێتی بێمنەتە و ئەو دەنگانەی هێناویەتی هی خۆیەتی".



وشە - تایبه‌ت