بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری و دروستكردنی گوشار بۆسەر كۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە هەولێر خۆپێشاندان ساز دەكرێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی لە سێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە ئاگەدارییەكی كۆمەڵێك لە چالاكوانی شاری هەولێر هاتووە، بەمەبەستی ڕێگری كردن لە لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەین.
لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، گردبوونەوەكە لە بەردەم بارەگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت لە شاری هەولێر لە سەعات 10ـی بەیانی و ئامانجیشی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لە سێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی دەبێ.
پێشتر ئەمجەد حوسێن پەناهی برای ڕامین لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هەواڵەكەی بڵاو كردەوە و نووسیبووی نیشتمان حوسێن پەناهی خوشكەزای كە تەمەنی 25 ساڵ بوو، كۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە. جگە لە خاڵی نیشتمان كە مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە، مێردی نیشتمانیش هەر لە گرتووخانەی سنەدایە. ئەمە دۆخی ژیانی كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە چارەنووسیان بووەتە گرتووخانە و پەتی سێدارە و خەم و پەژارە.
لە ڕۆژی یەكی ئایار بڕیاری لە سێدرەدانی ڕامین دەرچوو، بەڵام لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چالاكانی مەدەنی و یاسایی، رامین حوسێن پەناهی بەندكراوی سیاسیی كورد كە بەمەبەستی لەسێدارەدان لە گرتووخانەی سنە بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابووەوە، بۆ ژوورەكەی پێشووی گواستراوەتەوە كە بە بەندی گشتی ناسراوە و ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت لەسێدارەدانی ئەو دوا خرابوو.