به‌گوێره‌ی چه‌ند توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانایان، هۆكاری دڵخۆشی و ئاسووده‌یی له ڕاده به‌ده‌ری هاووڵاتییه گه‌نجه‌كانی هۆڵه‌ندا ڕوون كرایه‌وه، بۆ میدیاكان بڵاو كرایه‌وه.
توێژینه‌وه‌كه كه له نێوان ده‌یان ولاتی دنیادا ئه‌نجام درابوو، ده‌ركه‌وت هاووڵاتییه گه‌نجه‌كانی هۆڵه‌ندا دڵخۆشترین و ئاسووده‌ترینن له هه‌موو دنیادا، ئه‌مه‌ش به ڕوونی و ئاشكرایی له هاووڵاتییانی به‌ریتانیای جیا ده‌كاته‌وه كه به‌رده‌وام ڕێژه‌ی خه‌مۆكی و دوودڵی له نێوانیان زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌رزه‌كاره‌كانی ئه‌مه‌ریكاش به‌رده‌وام ڕێژه‌ی خۆكوشتنیان له زیادبووندایه.
سایمۆن دی ڕۆس لێكۆڵه‌ری په‌یمانگای هۆڵه‌ندی بۆ توێژینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ڕوونی كرده‌وه كه ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌یان به شێوه‌ی پرسیار و وه‌ڵام ئه‌نجام داوه، كه 90 پرسیاری جیاوازیان ئاماده كردووه و له حه‌وت هه‌زار گه‌نجدا وه‌ڵامه‌كانیان وه‌رگرتووه، به‌مه‌ش بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه هاووڵاتییه هۆڵه‌ندییه‌كان به‌وپه‌ڕه‌ی ئومێد و دڵخۆشییه‌وه وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه و ڕێژه‌ی دڵخۆشییان له ئاست ساڵی 2013 دا زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه.
ئه‌و لێكۆڵه‌ره زیاتر ڕوونی كرده‌وه، كه هۆكاری ئه‌م دڵخۆشییه‌ی گه‌نجه‌كان بۆ زۆر شت ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌وانه‌ش باشی مامه‌ڵه‌ی مامۆستاكانی قوتابخانه‌یان، كه وه‌ك هاورێ وان له‌گه‌ڵیان، نزیك بوونیان له هاورێكانیان، په‌روه‌رده‌ی خێزانه‌كانیان كه به‌رده‌وام پشتگیری‌یان ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه وایان كردووه گه‌نجه‌كان به‌و شێوه‌یه دڵخۆش بن و متمانه به ده‌وروبه‌ر و خۆشیان بكه‌ن.
له توێژینه‌وه‌یه‌كی تردا كه له هاووڵاتییانی هۆڵه‌ندادا تاقی كرایه‌وه، كه به پلیكانه‌ی خۆشبه‌ختی ناسرابوو، داوا له هه‌ریه‌ك له گه‌نجه‌كانی هۆڵه‌ندا كرا كه ڕێژه‌ی دڵخۆشی و خۆسبه‌ختی خۆی له 0 تا 10 دیاری بكات، به‌مه‌ش %94ی كوڕه‌كان و %92ی كچه‌كان له شه‌ش پله زیاتریان هه‌ڵبژارد.