ئەرجەنتین گۆڕانكاری گەورە دەكات

:: AM:10:35:19/06/2018 ‌

چاوەڕوان دەكرێ پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ یاریی دووەمی مۆندیال گۆڕانكاری گەورە بەدوای خۆیدا بێنێ دوای ئەوەی هەڵبژاردەكە لە یاریی یەكەمدا نەیتوانی بەرامبەر ئایسلەندا سەركەوتن بەدەست بێنێ.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین شەمووی رابردوو لە یاریی یەكەمی كۆمەڵەی چوارەمدا بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا یەكسان بوو.

بەهۆی ئەنجامی ئەم یارییەوە رەخنەیەكی زۆر ئاراستەی خۆرخێ سامپاولی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كرا و جەخت لەوە كرابووەوە لە هەڵبژاردنی یاریزانان بۆ پێكهاتەی تیپەكەی سەركەوتوو نەبووە.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی ئاشكرای كرد: پێشبینی دەكرێ سامپاولیلە یاریی دووەمدا بەرامبەر هەڵبژاردەی كڕواتیا گۆڕانكاری گەورە لە پێكهاتەی تیپەكەیدا بكات و چەند ئەستێرەیەك دوور بخاتەوە.

یەكەم گۆڕانكاری لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ یاریی داهاتوو دوورخستنەوەی ئەنخێل دی ماریاییە كە سامپاولی بە ئاستی رازی نییە بەتایبەتیش بەهۆی ئەو ئاستە خرایەی لە یارییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا پێشكەشی كرد، لەشوێنی ئەو یاریی بە یاریزانی لاو كریستیان بافۆن دەكات.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە سامپاولی بۆ یاریی داهاتوو بە 3 بەرگریكار یاری دەكات ئەوانیش برێتین لە نیكۆلاس تالیفیكۆ، نیكۆلاس ئۆتامێندی و گابریێل میركادۆ كە ئەمەی دوایی لە شوێنی ماركۆس رۆخۆ یاریی دەكات.

لە هێڵی ناوەڕاستیش لە شوینی لوكاس بیلیا یاریی بە ماركۆس ئەكۆنا دەكرێ، بەهۆی ئەوەی یاریزانەكەی یەكەم خراپترین ئاستی لە یاری رابردوودا پێشكەش كردبوو.

جێی باسە یاریی دووەمی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر هەڵبژاردەی كڕواتیا دووسبەی پێنجشەم بەڕێوە دەچێت، دواتریش هەڵبژاردەكە لە یاریی سێیەم و كۆتای قۆناغی كۆمەڵەكاندا رۆژی سێشەمی هەفتەی داهاتوو رووبەڕووی هەڵبژاردەی نێجیریا دەبێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م