ئەمڕۆ سێشەم یارییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا دەست پێ دەكات و تێیدا هەڵبژاردەی میسڕ سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان رووبەڕووی هەڵبژاردەی رووسیای مێوانداری پاڵەوانیەتییەكە دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی میسڕ لە یاریی یەكەمیدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرگوای دۆڕا بوو، هەڵبژاردەی رووسیاش بە ئەنجامێكی گەورە و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی سعوودییەی بردبووەوە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد كە هیكتۆر كۆپەری ئەرجەنتینی و راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ لە یارییەكەی ئەمڕۆدا یاریی بە محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی تیپەكەی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی بكات دوای ئەوەی پزیشكەكان گڵۆپی سەوزی یاریكردنیان بۆ هەڵكرد.
سەڵاح لە یاریی یەكەمدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرگوای یاریی نەكرد بەهۆی ئەو پێكانەی لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تووشی هاتبوو.
پێشبینی دەكرێ كۆپەر لە یارییەكەی ئەمڕۆدا لە ریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاریی بەم یاریزانانە بكات (محمەد شناوی، عەلی جەبر، ئەحمەد حیجازی، ئەحمەد فەتحی، محەمەد عەبدلشافی، تاریق حامید، محەمەد نەنی، مەحموود تریزیگێ، عەبدوڵا سەعید، مەڕوان محسن و محەمەد سەڵاح.
لەبەرامبەریشدا پێشبینی دەكرێ ستانیسلاف چیرچیسۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی رووسیا یاریی بەم یاریزانانەی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بكات (ئیگۆر ئەكینڤیف، ماریۆ فێرناندێز، ئیلیا كۆتیپۆف، سێرجی ئیگانشیفیچ، یۆری گێركۆف، رۆمان زۆبنین، ئییۆری گازینسكی، دالیر كۆزاییڤ، ئەلیكساندەر جولوفین، دینیس چێرچیف و ڤیدۆر سمۆلۆف.
جێی باسە لە كۆمەڵەی یەكەم هەڵبژاردەی رووسیا بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی هەڵبژاردەكاندایە و بەجیاوازی گۆڵ و بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ هەڵبژاردەی ئۆرگوای لە ریزبەندی دووەمدایە، هەردوو هەڵبژاردەی میسڕ و سعوودییەش بەبێ خاڵ لە ریزبەندی سێیەم و چوارەمدان.