نزیك بوو هەڵبژاردەی سعوودییە تووشی كارەساتێكی گەورە ببێتەوە

:: AM:11:47:19/06/2018 ‌

نزیك بوو شاندی هەڵبژاردەی سعوودییە لە رووسیا تووشی كارەساتێكی گەورەی ببێتەوە بەهۆی پەككەوتنی یەكێك لە مەكینەكانی ئەو فڕۆكەیەی شاندەكەی بۆ شاری رۆستۆف دەگواستەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی دووەم یارییان لە چوارچێوەی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

شاندی هەڵبژاردەی سعوودییە ئێوارەی دوێنێ دووشەم بە فڕۆكە تایبەتییەكەیانەوە بەرەو شاری رۆستۆفی رووسی بەڕێ كەوتبوون، بەر لە نیشتنەوەش یەكێك لە مەكینەكانی فڕۆكەكە پەكی كەوتبوو.

لەمبارەیەوە یەكەتیی تۆپی پێی سعوودییە  لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، یەكێك لە مەكینەكانی فڕۆكەكەیان تووشی كێشەیەكی هونەری بچووك ببووەوە.

یەكەتییەكە ئاشكراشی كرد كە فڕۆكەكەیان بەسەلامەتی لە فڕۆكەخانەی رۆستۆف ئۆن دۆن نیشتووەتەوە و هیچ یاریزان و ئەندامێكی شاندەكەیان تووشی كێشە نەبووەتەوە و بەسەلامەتی بەرەو شوێنی مانەوەیان لە شاری رۆستۆف بەڕێ كەوتوون.

هەڵبژاردەی سعوودییە سبەی چوارشەم دووەم یاریی خۆی لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا لەنێو یاریگەی شاری رۆستۆف بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرگوای ئەنجام دەدات.

هەڵبژاردەكە لە یاریی یەكەمیدا بە ئەنجامێكی گەورە و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیای مێوانداری پاڵەوانیەتییەكە دۆڕا بوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م