حكوومەتی كوردستان بڕیاری دا.. باج كەم دەكاتەوە

:: PM:12:06:19/06/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان ئاشكرای كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە، بۆ كەمكردنەوەی باج لەسەر ئاسن ئەمەش كارگە و كۆمپانیاكانی ئەو بوارەی دڵخۆش كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، توانرا هاوسەنگی رابگیرێت لە نێوان بازرگانان و پیشەسازان بە كەمكردنەوەی نرخی گومرگی ئاسن لە  120 هەزار دینار بۆ 67 هەزار دینار بۆ یەك تۆن كە ئەمەش دەبێتە هۆی بوژانەوە لە بازرگانی ئاسن و هاوردەكارانی ئەم بوارە داتوانن هاوردەی ئاسن بكەن لە دەرەوەی وڵات.

زیاتر گوتی، پێشتر باج بۆ هەر تۆنێك ئاسن 12 هەزار دینار بوو، بەڵام بە بڕیارێك كرابوو بە 120 هەزار دینار، بۆیە دوای هەوڵێكی زۆر توانرا نرخەكە هاوسەنگ بكرێتەوە، هەروەها 35 كۆمپانیا كە كار دەكەن لە بازرگانی ئاسن توانرا نرخەكەیان بۆ دابەزێنرێتەوە.

كۆمپانیاكان كارەكانیان بۆ هێنانی ئاسن گواستبووە بۆ بەسڕا ئەمەش كاریگەری دروست كردبوو، ڕاستە ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بوو، بەڵام ڕێژەی باجەكەش لەپێشوو زۆربوو، بۆیە ئەو بڕیارەی حكوومەت بازاڕی ئاسن دەبوژێنێتەوە، گەیلان وای گوت.

هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ دوو كارگەی بەرهەمهێنانی ئاسنی هەیە و بەشێكی تری ئاسنی لە دەرەوە هاوردە دەكات بۆ دابین كردنی پێداویستییەكانی.




وشە - رامیار جەواد