كاتی چوونی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا ڕاگەیەنرا

:: PM:01:08:19/06/2018 ‌
ئەگەری چوونی شاندی یەكێتی و پارتی بۆ بەغدا هەیە لە هەفتەی داهاتوو، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە شیعەكان و چوونە ناو هاوپەیمانی گەورەترین فراكسیۆن و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو پارتی و یەكێتی بە شاندێكی هاوبەش بچنە بەغدا، لە دوا كۆبوونەوەی ئەو دوو حزبەیش بڕیار دراوە كە هیچ شاندێكیان بە تەنیا نەچێتە بەغدا.

عەبدوڵا عەلیاوەیی ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەسەر هاتنی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا نییە.

زیاتر گوتی، لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بە هیچ شێوەیەك زانیاری ئەوەمان پێ نەگەیشتووە، كە شاندی پارتی و یەكێتی كەی دێنە بۆ بەغدا و ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەو هەفتەیە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق و دواتر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سیاسی.

بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی وادەی چوونی شاندی ئەو دوو حزبە بۆ بەغدا "وشە" پێوەندی بە گوتەبێژی یەكێتی و پارتی كرد، بەڵام مۆبایلەكانیان داخرابوو، بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئەگەری ئەوە هەیە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو شاندی هەردوولا بە هاوبەشی بچنە بەغدا.
دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو پارتی و یەكێتی یەكجار بە شاندی جیاواز سەردانی بەغدایان كرد، بەڵام لەوكاتەوە چەند جارێك كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی هاوبەش ئامادە بكەن.



وشە - رامیار جەواد