تۆوی كاژو تەندروستی چاو و دڵ دەپارێزێت

:: PM:01:38:19/06/2018 ‌

تۆوی كاژو سەرچاوەیەكی باشی پێكهاتەی خۆراكیە و لە كۆمەڵەی خێزانی درەختی پینۆسە، تۆوێكی رەقە و هاوشێوەی باویە، ئەم تۆوە بە ناوەرۆكی چەوری و پێكهاتەی  خۆراكی و ڤیتامین و كانزا تێدایە و تەندروستی لەش بە شێوەیەكی گشتی دەپارێزێت، ئەم تۆوی سنەوبەرە چەندان ناوی هەیە، بەڵام زیاتر بە تۆوی كاژو ناسراوە و سەرەتایی  دۆزینەوە و بەكارهێنانی ئەم تۆوە بۆ پاكستان، هندستان، ئەفغانستان دەگەڕێتەوە.

یەكەم: دژە ئۆكسید و دژە پیربوونە، كاژو بڕێكی زۆر دژە ئۆكسیدی تێدایە وەكو لوتەین، هاوكات ڤیتامینەكانی A, B, C, D E تێدایە، ئەم دژە ئۆكسیدانە گرنگن بۆ تەندروستی لەش، یارمەتی لەش دەدەن كە ڕێ لە پیربوون بگرێت و نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكاتەوە .

دووەم: وزە زیاد دەكات، كاژو پێكهاتەیەكی خۆراكی تێدایە یارمەتی بەهێزكردنی وزەی لەش دەدات و سەرچاوەیەكی باشی مەگنیسیۆمە، كە نیشانەكانی شەكەتی و بێهێزی لەش كەم دەكاتەوە، تەنیا نیو كوپ تۆوی كاژو بڕێكی یەكجار زۆر مەگنیسیۆم بە لەش دەبەخشێت.

سێیەم: ئارەزووی خواردن كەم دەكاتەوە، ئەگەر بتەوێت كێشی لەشت كەم بكەیتەوە، باشترە تۆوی كاژو بەكاربهێنرێت، توێژینەوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، ترشی چەوری لە كاژودا هەیە كە ڕەگە ئازادەكان بێلایەن دەكات و خواردنی تۆوی كاژو پێش ژەمەكان وا دەكات كە مژینی خۆراك لە ریخۆڵەكاندا هێواش بكاتەوە، بەمشێوەیە خواردنی خۆراك بەرێژەی %37 كەم دەكاتەوە .

چوارەم: تەندروستی چاو، تۆوی كاژو دژە ئۆكسید و بێتاكارۆتینی تێدایە كە زۆر بە سوودن بۆ تەندروستی چاوەكان، هەروەها دژەئۆكسیدی لوتەینی تێدایە كە ڕێ لە زیانەكانی تیشكی سەرووەنەوشەیی دەگرێ و زیانەكانی بیلبیلەی چاو كەم دەكاتەوە و ڕێ لە كوێربوونی تەمەن دەگرێت.

پێنجەم: مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكاتەوە، تۆوی كاژو چەندان پێكهاتەی تێدایە كە تەندروستی دڵ باشتر دەكات، وەكو مەگنیسیۆم، چەوری مۆنۆونساتوراتەد، ڤیتامین E ، K، مەنگەنیز. بەگوێرەی توێژینەوە پزیشكییەكان ترشی پینۆلەنیك لەتۆوی كاژودا هەیە كە یارمەتی دروستبوونی كۆڵیسترۆڵی سوودبەخش دەدات و ڕێ لە دروستبوونی چەوری جگەر دەگرێ، بەمەش دڵ لە نەخۆشییەكان دەپارێزێت.



وشە - تایبه‌ت