ره‌حیم ده‌راجى سه‌ركرده له هاوپه‌یمانى فه‌تح رای گه‌یاند، هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه و دنیا ده‌یانه‌وێ په‌رده‌پۆشى ئابرووچوونى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى عێراق بكه‌ن، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژماردنی ده‌نگه‌كان به ده‌ست ئه‌نجام نه‌درێت.
له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى كه له پێگه‌ى
"به‌غداد الیوم" بڵاوكراوه‌ته‌وه، ره‌حیم ده‌راجى سه‌ركرده له هاوپه‌یمانى فه‌تح، ئاشكراى كرد، چه‌ند ده‌وڵه‌تێكى ناوچه‌كه و جیهان له كرده‌ى ساخته‌كردن تێوه‌گڵاون، بۆیه ئێسته هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگریى بكه‌ن له ژماردنی ده‌نگه‌كان به ده‌ست.
ره‌حیم ده‌راجى گوتی، كۆششى ئه‌وان بۆ په‌رده‌پۆشكردنى ئابڕووچوونێكه، ئه‌ویش كرده‌ى ساخته‌كردنه، ئه‌م وڵاتانه فشاریان بۆ سه‌ر هه‌ندێك لایه‌ن دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى به هه‌مواركردنه‌وه‌ى سێیه‌مى په‌رله‌مانى عێراق ڕ‌ازى نه‌بن، كه داوا ده‌كات هه‌ژماركردنى به ده‌ست بۆ ده‌نگدانه‌كه‌ى 12ى ئایار بكرێت.
پێشتر رۆژنامه‌ى ئه‌خبارى لبنانى بڵاوى كرده‌وه، كه لایه‌نه براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ن فشار له‌سه‌ر دادگاى فیدرال دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى سێیه‌م ره‌ت بكاته‌وه، چونكه دادگاى فیدراڵ تاكه دامه‌زراوه‌یه له عێراق ده‌توانێ هه‌مواركردن و بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق پووچه‌ڵ بكاته‌وه.
له شه‌شى ئه‌م مانگه‌دا په‌رله‌مانى عێراق یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌موار كرده‌وه و بڕیاریشى دا،هه‌ژماركردنه‌وه بۆ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن به ده‌ست بكرێت و كارى ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نى كۆمسیاران بوه‌ستێنرێت و له شوێنى ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه نۆ دادوه‌ر دابنرێَن.