ئەگەر سییەكان بە باشی كار نەكەن چی دەقەومێ؟

:: PM:02:10:19/06/2018 ‌
لەش پێویستی بە ئۆكسجینە بۆ ئەوەی بژین، سییەكان بۆ وەرگرتنی ئۆكسجین و هەناسەدان دروستكراون، ئەگەر سییەكان بە باشی كار نەكەن لەش تووشی چەندان گرفتی تەندروستی دەبێت، زۆر نەخۆشی و نیشانە هەیە لە سییەكاندا بۆ كێشانی جگەرە دەگەڕێتەوە، زۆر حاڵەتی تریش بوونیان هەیە، لە كاتی تێبینی كردن، پێویستە سەردانی پزیشك بكەن و چارەسەری بكەن.

تەنیا جگەرەكێشان بەس نییە بۆ دروستبوونی نەخۆشی لە سییەكان، چەندن هۆكار هەن وەكو دووكەڵی بەكارهاتوو، بێهێزبوونی سیستەمی بەرگری،  كار لە سییەكان دەكەن و دەبنە هۆی چەندان نەخۆشی ترسناك.

یەكەم: هەناسەتەنگی، هەناسەتەنگی لەزۆر كەسدا دروست دەبێت، بە تایبەتی ئەو كەسانەی جوڵەی جەستەیی ئەنجام دەدەن، وەكو ڕاكردن، زۆر ڕۆیشتن بەسەر پلیكانە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاساییە ئەگەر لە دوای ئەم جوڵە جەستەیانە كورتی هەناسەت هەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو بەردەوامی هەبوو، ئەوە گرفتێكی گەورەیە و دەبێ چارەسەری بكەن.

دووەم: ئازاری سنگ، هەمیشە ئازاری سنگ بەهۆی كورتی هەناسەوە دروست دەبێت، وەكو قوورسبوون و توندبوونی سنگ هەستی پێ دەكرێت لەكاتی ئەنجامدانی چالاكییە جەستەیییەكاندا، ئەم ئازارە دەبێتە هۆی زۆر گرفت لە لەشدا وەكو فشار، دڵەراوكێ‌، یان دروستبوونی هەوكردن لە نێوان بەستەری دوو ئێسكدا یان دروست بوونی نەخۆشییەكانی دڵ.

سێیەم: شەكەتی، جگە لە كوورتی هەناسە، لەوانەیە لەش تووشی شەكەتی ببێت، بە تایبەتی لە كاتی ڕۆیشتن  و خۆشۆردن دا هەست بە شەكەتی و هیلاكی دەكەیت. ئەم شەكەتییە بەهۆی چەند ماسوولكەیەكەوە دروست دەبێت لە سییەكاندا كە توانای وەرگرتنی ئۆكسجینی تەواویان نییە، بەڵام چەندان گرفتی جیاواز هەیە كە دەبنە هۆی شەكەتی وەكو وشكبوونەوەی لەش، ناڕێكی لە دەردانی هۆرمۆنی دەرەقی، پێشهاتەكانی هەرس و نەخۆشی دڵ.

چوارەم: زیاد بوونی لینجە ماددە، ئاسایییە ئەگەر لە كاتی هەڵامەت دا هەست بە بوونی لینجەمادە یان بەڵغەم بكرێت، بۆ ئەوەی لەش لە ڕێی ئەو لینجەماددانەوە خۆی لەو نەخۆشییە ڕزگار بكات، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەكی درێژ بوو ئەوە جیاوازە و بۆ بوونی كێشەیەك لە سییەكاندا دەگەڕێتەوە، یان هەبوونی نەخۆشی سی درێژخایەن.

پێنجەم: كۆكەی درێژخایەن، بەهەمانشێوە لە كاتی بوونی لینجەماددە یان بەلغەم لەوانەیە كۆكە دروست ببێت، ئەگەر درێژخایەن بێت تا مانگێك بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە بە خێرایی پشكنین بۆ سییەكان بكرێت، چونكە ئەم كۆكە درێژخایەنە بۆ ناڕێكی یان هەبوونی گرفتێك لە سییەكاندا دەگەڕێتەوە.


وشە - ئاوات ئازاد