شەش لایەنە ناڕازییەكە نەگەیشتنە ڕێككەوتن

:: PM:02:34:19/06/2018 ‌
ئەو شەش لایەنەی ناڕەزاییان لەبەرانبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ڕابردوو دەربڕی نەیانتوانوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هاوپەیمانی پێك بێنن.

شەش لایەنی " گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرەی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی و  حزبی شیوعی" بەرەیەكی ناڕەزاییان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار ڕاگەیاندبوو. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە ئەو لایەنانە بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، بەڵام تا ئێستە ئەو نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و بەرپرسی یەكێك لەو حزبانەیش بەستنی ئەو هاوپەیمانیەتییە بە دوور دەزانێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، د.عەبدوڵا وەرتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەو لایەنانە بە مەبەستی ئەنجامدانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە.

زیاتر گوتی، ئەنجامدانی هاوپەیمانی لەنێوان ئەو شەش لایەنە تەنیا قسەیە و ئەگەرێكی دوورە بەهۆی ئەوەی دەرفەت لەبەردەم ئەو كارەدا نەماوەتەوە.

جگە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتگیری دەكات تا ئێستە لیستەكانی تر بە جیا ناوی خۆیان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.

هاوكات كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەفەرمی تا 20ی ئەممانگەی دیاری كردووە بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان تۆمار بكرێت.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم